سەرۆک وەزیرانە پەتاتەفرۆشەکە

برەودان بە کەرتی کشووکاڵ لە هەر وڵاتێک بە یەکێک لە ڕێگەکانی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە دادەنرێت. زۆر وڵاتێک هەیە کە نە خاوەن نەوتن و نە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی ئەوتۆیان هەیە بەڵام لە ڕێگەی بەرهەمە کشووکاڵییەکانەوە وڵاتەکەیان بەڕێوە بردووە.

هەرێمی کوردستان خاوەن داهاتێکی زۆری نەوتی و نانەوتی بووە. دزین و تاڵانکردنی داهاتەکان وایکردووە کە هیچ کەرتێکی هەرێم گەشەی نەسەندبێت و حیزبەکانی دەسەڵاتدار بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و لایەنگرانی خۆیان ئەم هەرێمەیان کردووەتە هەرێمێکی بەکارهێنەر و بەرهەمی ناوخۆیی تێیدا گەشەی نەسەندووە.

کە واتە بەو هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەوە هەرێمی کوردستان هیچی نەکردووە و گەشەی هیچی نەبووە و دەیان جۆرە قەیران و کێشە بە سەر ژیانی خەڵک و کوردستانەوە دەبینرێت، ئەی سەرۆک وەزیرانە برسیکەرەکە چۆن دەتوانێت بە فرۆشتنی پەتاتە هەرێمەکەی بگەێنێتە خۆبژێوی؟

مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە پەتاتەی هەرێم بەشی تەواوی عێراق دەکات و دەتوانرێت هەناردەش بکرێت. جاران باسی ئەوەیان دەکرد کە نەوتی هەرێم بازاڕەکانی جیهان داگیر دەکات و غازەکەشی ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، ئێستا کە دەستیان لە دۆسیەی وزە بڕاوە، بە ناچار و بۆ دڵنەوایی خۆیان و خەڵک باسی پەتاتە و هەنار دەکەن، ئەوەش ڕوون دەبێتەوە کە هیچ نییە و تەنیا بانگەشەی سەرۆک وەزیران و ستافەکەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.