سەرۆک وەزیرانێکی تێکدەر یان خۆڕاگر؟

چوار ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە پشکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان تێپەڕ بووە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لای پارتییە توندڕەوەکان بە کابینەی برا گەورە ناوبانگی دەرکرد، جگە لە بەشێکی سەرکردایەتی پارتی، هەموو لایەنەکان لە سەرۆک وەزیرانەکەی نیگەرانن و لە بەرامبەردا تیمەکەی مەسرور بارزانیش بۆ پشتیوانی لە ناوبراو هەڵمەتێکی گەورەی میدیاییان بەڕێوەبردووە بە ناوی سەرۆک وەزیرانێکی خۆڕاگر.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرواری 10 ی تەمموزی 2019 بە بەشداری پارتی، یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی یان هەمان براگەورەی بەشێک لە پارتییەکان پێکهێنرا.

کابینەکەی مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتاوە بە کێشە دەستیپێکرد، کێشەکانیش زیاتر لە نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، تا گەیشتە ئەوەی کە یەکێتی بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی لە کابینەی نۆیەم ڕاگرت و قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی ئەم یزبە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد.

تاکڕەوی مەسرور بارزانی لە ناوخۆی پارتی و لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکردووە کە ئەم کابینەیە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا کێشەی هەبێت و لێکترازانی لایەنەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی و ئەو دۆخەی ئێستای پەیوەندییەکانیان بەرهەمی ئەم سیاسەتەی سەرۆکی حکومەت بووە.

ناڕەزاییەکان بەرامبەر بە مەسرور بارزانی و کابینەکەی تەنیا تایبەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکوو زۆرێک لەو وڵاتانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە بە ڕوونی نیگەرانی خۆیان لەم دۆخەی هەرێم دەربڕیوە.

نیگەرانی بیانییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە حکومەتی هەرێم بوونەتە ڕێگر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە سەر پرسە نیشتمانی و گرنگەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها مەسرور بارزانی ڕێگریی لە هەوڵی ئەو لایەنانە کردووە کە ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان هەبووە.

مەسرور بارزانی لە پاش کۆنگرەی 14 ی پارتی خۆی کردە باڵادەست و بڕیاردەری سەرەکی لە حیزبەکەی و بە تەواوی باڵی نێچیرڤان بارزانی پەراوێز خستووە. لە حکومەتی هەرێمیش تەنگی بە یەکێتی و لایەنەکانی دیکە هەڵچنیوە و سیاسەت و هەوڵەکانی ئەوەیە کە خۆی تاکە بڕیار بە دەستی هەرێمی کوردستان بێت، چ لە حیزب و چ لە حکومەت.