سەرکردایەتییەکی یەکێتی: بەشێک لە حیزبەکان جاسوسی وڵاتانن

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی کە لە کەرکوک شەرم لە کوردبوونی خۆم دەکەم و بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بوونەتە جاسوس و داشی دامەی دەستی ئەم و ئەو وڵات.

محەمەد عوسمان سەبارەت بە دۆخی شاری کەرکوک، داوای لە خەڵکی شارەکە کرد کە هەر کوردێک کەمێک کەرامەتی هەبێت ڕووداوە مێژووییەکان و بەرگری سەرکردەکانی یەکێتی لەم شارە لەبیر ناکات.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا حیزبە کوردستانییەکان بە چەندین لیست بڕیارە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا بکەن.

محەمەد عوسمان ڕایگەیاندووە کە کەرکوک بەرگەی ئەم ململانێ کوردییە ناگرێت.

ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەر ئەم ململانێ و پەرتەوازەییە لە ناو حیزبە کوردییەکاندا بەردەوام بێت، دەکەونە بەر نەفرەتی مێژوو و نەوە لە دوای نەوە تف لە حیزب و سەرکردەکانی دەکات.