سەردەمێکی نوێی ناکۆکییەکانی ناو خێزانی بارزانی

سەردەمێکی نوێی ناکۆکییەکانی ناو خێزانی بارزانی دەستیپێکردووە. مستەفا مەسعود بارزانی کە بە بابۆ ناسراوە بووەتە مۆتەکەکەی مەسرور بارزانی.

مەسرور بارزانی کە کوڕە گەورەی مەسعود بارزانییە و بە ڕادەیەکی زۆر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستانی گرتووەتە دەست، دەسەڵاتی بە سەر بابۆدا ناشکێت و ماوەیەکە شەڕ و ناکۆکییەکانیان قووڵ بووەتەوە. ترسی مەسرور بارزانی لەو هێزەیە کە بابۆ درووستیکردووە.

مەلا مستەفا مەسعود بارزانی کوڕی پێنجەم و بچووکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، هەرچەندە لە ئەمریکا خوێندوویەتی بەڵام زۆرترین کۆبوونەوەکانی لە گەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانە و نوێنەری باوکیەتی بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی.

بابۆ لە خێزانەکەیدا بەوە ناسراوە کە تەنیا فەرمان لە باوکی وەردەگرێت و چاوی لە تەختی سەرۆکایەتی پارتییە، هەر بۆیە زۆرترین ڕکابەریی مەسرور بارزانی دەکات کە کوڕی گەورەی خێزانەکەیە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ناکۆکییەکانی نێوان بابۆ و مەسرور بارزانی قووڵتر بوونەتەوە، چونکە بە فەرمانی مەسعود بارزانی هێزێکی تایبەت بۆ بابۆ درووست کراوە. بۆ ئەوەی کێشە لە نێوان بابۆ و مەسرور بارزانیدا درووست نەبێت هێزەکە کراوەتە بەشێک لە فەرماندەیی بارزان بەڵام ئەمەش نەیتوانیوە ببێتە بەربەست لە بەردەم دروستبوونی شەڕی ئەم دوو برایە.

لە ئێستادا لە بەر ئەوەی سەرپەرشتیاری هێزەکە و یاریدەدەرەکەی کە ناویان عەقید شەواف جەمال عەلی بەگ و ڕائید سافی فاروق حاجی بەگە، تەنیا فەرمان لە بابۆ وەردەگرن، کێشەی گەورە درووست بووە، بە ڕادەیەک دەمەقاڵێ لە سەر ئەو بابەتە لە نێوان مەسرور بارزانی و بابۆدا درووست بووە.

کێشمەکێش و ململانێکانی کوڕە گەورە و کوڕە بچووکەکەی سەرۆکی پارتی لە ئێستادا لە سەر فەرماندەیی هێزەکەیە بەڵام دیار نییە داهاتووی ئەم ململانێیانە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟