سەردانەکەی ئیمارات و ناکۆکییەکانی جوت ئامۆزا

لە هەرێمی کوردستانەوە دوو شاند بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەشدارییان لە کۆبوونەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە ئیمارات کردووە. ئەوەی سەرنجی سەردانی شاندەکانی هەرێمی دابێت بۆی ڕوون دەبێتەوە کە ئەم شێوەیە لە هیچ وڵاتێکدا نموونەی نییە کە لە وڵاتێکەوە دوو شاند لە یەک کاتدا و بە جیا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکەن.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە تایبەتەکەی گەیشتە ئیمارات و کەناڵە نەوتییەکەی وەک هەمیشە دیمەنی گەیشتنی بە دۆبەی ڕاستەوخۆ بڵاو کردەوە. خۆی بە تەنیا پێشوازییەکی ئاست نزمی لێکرا.

هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش بە سەردانێک گەیشتە ئیمارات و میدیاکانی ئەویش کەوتوونەتە جوڵە و هەوڵ دەدەن بە سەرکەوتووتری نیشان بدەن.

سەردانەکەی بارزانییەکان چەند پەیامێکی گرنگی بە دواوە بووە. ئەوەی کە جوت ئامۆزا لە حیزب و دەسەڵات ناتەبان و هەر یەک هەوڵی زیاتربوونی هەژموونی خۆیان دەدەن و هیچ سازانێک لە نێوانیاندا نییە. ئەم ناکۆکییە کە بە ڕوونی خەڵک لێی ئاگادارن و سەردانەکەی ئیمارات وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی بەکار دێت، پێمان دەڵێت کە پارتی بۆ پاشەڕۆژی خۆی قەیرانێکی گەورەی لە پێشە کە ڕەنگە قەیرانە ناوخۆییەکانی یەکێتی بە لایەوە هیچ بێت.

پەیامی دیکەش ئەوەیە کە خەڵک بەم هەموو قەیرانەوە دەژین، نە مووچە هەیە و نە نەوت و خزمەتگوزارییەکان و هەزاران مامۆستا بایکۆتیان ڕاگەیاندووە و سەدان هەزار قوتابی نەچوونەتە ناوەندەکانی خوێندن.

لەم قەیرانە گەورە و بێ چارەسەرەدا چوونی دوو شاند لە هەرێمی کوردستانەوە چ پاساوێکی هەیە. بۆ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە بەفیڕۆدانی سامانی کوردستان کێبڕکێی یەکتر دەکەن؟ چوونی ئەوان بۆ ئەم کۆبوونەوە تەشریفاتییە چی دەسەلمێنێت و چ سوودێکی بۆ خەڵکی کوردستان هەیە؟

ئەوان ڕۆیشتوون تا بە چەند کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنێکی بێ خێر لە گەڵ سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان، بوونی خۆیان بسەلمێنن و بڵێن ئێمەین خاوەنی دیپلۆماسین.

خەڵکی کوردستان دیپلۆماسی بێ خێریان ناوێت، ئاوڕێک لەم خەڵکە بدرێتەوە بە دەیان جار گرنگرە لەوەی لە گەڵ بایدن و مەکرۆن و ئەوانی دیکەدا دابنیشن.