سەردانێکی بێ ئەنجام

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک سەردانی بەغدای کردووە، سەردانەکەش بۆ دانوستانە لە سەر ڕێکەوتنی نەوت – بودجەی نێوان هەرێم و ناوەند کە لە پاش جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق هێشتا مشتومڕی زۆری لە سەرە و هەر دوو لا خوێندنەوەی جیاوازیان بۆی هەیە.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ڕێکەوتن تایبەت بە نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق واژۆ کرا و ناوەڕۆکی هەمووشی ئەوە بووە کە لە بەرامبەر ڕادەستکردنی بڕە نەوتێکی هەرێمی کوردستان، بەغدا ڕێژەیەکی دیاریکراو لە بودجەی عێراق ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

بەڵام پابەندنەبوونی بارزانییەکان بەم ڕێکەوتنانە بووەتە هۆکاری شکستی ئەو هەوڵانەی لە بەغداوە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوری هەرێم و ژیان و گوزەرانی خەڵک هەبووە. بە یەکێتی و لایەنەکانی دیکەشەوە لە بەغدا ڕا و بۆچوونیان ئەوە بووە کە ئەگەر پارتی ڕەزامەندیی لە سەر ڕادەستکردنی نەوت و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە ڕێکەوتنەکاندا هەبێت کێشەی بودجە و مووچە چارەسەر دەبێت.

هەرێمی کوردستان و بارزانییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیا و پشتیوانییەکانی ئەمریکاوە خۆیان لە بەرامبەر بەغدا بە براوە دەزانی و هێندە ملکەچی ڕێکەوتنەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەغدا نەدەبوون. ئەگەرچی هەولێر ڕێکەوتنەکانی جێبەجێ نەدەکرد بەڵام بە هۆی بوونی پەیوەندییەکانی مەسعود بارزانی لە گەڵ سەرۆک وەزیرەکانی وەک عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، بەغدا وەک نیازپاکییەک بڕە پارەیەکی ڕادەستی هەرێمی کوردستان دەکرد.

بەڵام لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانیدا دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە. دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە بە تەواوی ئاڵۆزە. پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی تەنانەت گەیشتە ئەگەری گەڕانەوە بۆ سیستەمی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ. لە ڕووی ئابورییەوە قەیرانەکە بەرۆکی ماڵ بە ماڵی هەرێمی کوردستانی گرتووە، پرۆژەکان ڕاگیراون، مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش ناکرێت و ئەمەش ناڕەزایەتییەکی گەورەی کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە و بوون و نەبوونی ئەزموونی کوردی و ئەوەی دەسەڵاتداران بە ناوی دەسکەوت بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، گرنگیی نەماوە.

بە بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق و دادگای پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیرا، بەغدا کۆنتڕۆڵی دۆسیەی نەوتی کردووە و مەسرور بارزانی بە ناچاری و لەوپەڕی لاوازیدا ڕێکەوتنی نەوت – بودجەی لە گەڵ حکومەتی ناوەند واژۆ کرد. بەڵام جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکەوتنەش دیسانەوە کوردستانی خستووەتەوە قەیرانێکی نوێ. بارزانییەکان هەوڵی ئەوەیان دەدا لە ڕێگەی تورکیا و ئەمریکاوە فشار لە سەر حکومەتی عێراق دابنێن تا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە و بەمەش ڕێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدا بێ کاریگەر کرا.

سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا شکستی هێنا و بەغدا هێندە گوێی بە داواکارییەکانی لایەنی تورک نەداوە. حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە لە دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕێگە بە دەستێوەردانی دەرەکی نادات. قەیرانی دارایی لە هەرێم گەیشتووەتە لوتکە، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک زیاتر بووە و فەرمانبەران بایکۆتیان ڕاگەیاندووە. ئەم دۆخەش وایکرد کە مەسرور بارزانی نامەیەک بۆ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بنێرێت و دانی بە شکستەکاندا ناوە و ڕایگەیاندووە کە مەترسی لەناوچوونی قەوارەی هەرێم بوونی هەیە.

ئەمریکاش وەڵامێکی وەهای بۆ داواکارییەکەی مەسرور بارزانی نەبووە، هەر بۆیە بەپەلە خۆی گەیاندە بەغدا و سەر لە نوێ لە دەرگای حکومەتی بەغدای داوەتەوە و ئەمجارەش بە پێچەوانەی ڕابردووەوە هانای بۆ یەکێتی بردووە و قوباد تاڵەبانی لە گەڵ خۆی بردووە.

ئەگەر لە بەغداش وەک جاران هەر ڕێکەوتنێک بکرێت بە هۆی پابەندنەبوونی بارزانییەکان و بە تایبەت مەسرور بارزانی، هیچی لێ سەوز نابێت و دۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەم سەردانەش وەک ئەوانی دیکە بێ ئەنجامە و ناتوانێت ئاو بە سەر ئاگری توڕەیی و کێشە و قەیرانەکانی خەڵکی کوردستاندا بکات.