سێ فریادڕەسەکەی پارتی؛ ساختەکاریی، هێزی چەکدار، گەندەڵی

پارتی 33 ساڵە دەسەڵاتدارە و هەموو جومگە هەستیارەکانی کوردستان بە سیاسی و ئابوریەوە بە زۆر بۆ خۆی پاوان کردووە، هەرچیەکی بوێت دەیبات، هەرکەسی بوێت دەیگرێت و هەرکەسیکی بوێت دەیکوژێت، هەر زەویەکی بوێت داگیری دەکات، پارە، هێز، نەوت، غاز، قاچاخی، داهاتی سنورەکان، داهاتی ناوخۆ و حزبی سێبەر و میدیای سیبەر و ڕۆژنامەنوس هەمووی لە پیناو دەسەڵاتداری خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام دواجار هیچ لەوانە دادی نادات و ترسی لە دۆڕان وای لێدەکات لە بەغداد و تاران، بۆ تورکیا و وڵاتان، لەبەردەم دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی، خۆی داچەمێنێت و داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات ! پارتی چی دەستدەکەوێت لە دواخستنی هەڵبژاردن کە مەبەستیەتی ڕووبدات ؟

زیاتر لە 30 ساڵە پارتی بە ساختەکاریی دەسەڵاتى یەکەمی هەرێمی کوردستانی گرتووەتە دەست و بە زۆرینەیەکى ساختەوە هەموو جومگەکانى دەسەڵاتى هەرێمی کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەو حزبە دەسەڵاتەکانی بە سێ ڕێگا بەدەستهێناوە و پاراستوویەتی، ئەوانیش ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و هێزی چەکدار و گەندەڵییە، ئەم سێ ڕێگەیە بوونەتە فریادڕەسی پارتی و ناهێڵن دەسەڵاتی بچووک ببێتەوە .

ساختەکاریی هەڵبژاردن و زۆرینەیەکی ساختە لە ساڵی 1992ـوە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا پارتی چەندین ڕێگای جۆراوجۆری ساختەکاریی لە ڕۆژی دەنگداندا گرتووەتە بەر، جیا لەو ساختەکاریانەی لای هەموو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە ڕوونە، ئەو حزبە لەم ساڵانەى دواییدا، ئەوهەزاران ئاوارە و پەنابەرەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و کامپیان بۆ کرایەوە، پارتی کردبوونیە ناوەندێکی سەرەکی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان لە پاڵ ئەوەشدا کورسیى کۆتاکان هەمیشە زۆرینەیەکى ساختەى بۆ پارتەکە دروست کردبوو کە بریتی بوو لە قۆرخ کردنی 11 کورسی لە پێش ئەوەی هەڵبژاردن ڕووبدات .

هێزی چەکدار ستوونە بەهێزەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی لەسەر ستوونێک وەستاوە، ئەویش هێزی چەکدارە کە ژمارەیان لەسەروو 150 هەزار کەسەوە دەبێت، ئەوە جگە لە چەندین هێزی دیکەى نافەرمی لە دەرەوەى یاسا.ئەو هێزانە کە بەپێی یاساکانى هەرێم و دەستووری عێراق بەشێکن لە هێزی پاراستنى سنوور و ئاسایشی وڵات، پارتی بەکاریان دەهێنێت لە ململانێ سیاسییەکاندا تەنانەت جاری وا هەیە ئەو حزبە هێزی چەکدار لە یەکلای کردنەوەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا لە بەرژەوەندی خۆی یان بەرپرسێکی یان کوڕە بەرپرسێکی بەکاردەهینت و یەکلای دەکاتەوە .پارتی لە ناوخۆدا هێزی چەکدار بۆ گرتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس و ئازادییخواز و هەروەها سەرکووت کردنى هاوڵاتییان و خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێت، جگە لەوەش لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین ساختەکاریی لەڕێی ئەو هێزانەوە ئەنجامدەدات، هەر ئەوەش هۆکارە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە هێزە چەکدارەکان ئەو زۆرینە ساختەیەى لە پەرلەمان دروستی کردووە بیپارێزێت، باشترین نموونەش داخستنى پەرلەمانى هەرێم بوو لە ساڵی 2015 کە هێزە چەکدارەکەی ڕێگەی نەدا سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێر، ئەوە جیا لەو ڕیگریە بەردەوامانەی کەبەرامبەر بەرپرسەکانی دەرەوەی پارتی و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان ئەنجام دەدرێت لە بازگاکانی دێگەڵە و پردێ بۆ ڕۆشتنە نێو هەولێر .

گەندەڵی هێزی مانەوەى پارتی لە دەسەڵاتیەکێکی دیکە لە ڕێگاکانى مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی پارتی گەندەڵییە، گەندەڵی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانى حکومەت و داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و بازرگانیی و بانکیی و قۆرخ کردنی داهاتی ناوخۆیی کە سەرچاوەکەی باجی هاوڵاتیانە و دەیدەن بە حکومەت و چەندین بواری دیکە کە هەمووی بە یاسا لەبەرژەوەندی خۆیان ڕێکخراوە و کەس بۆی نیە لە سوچی ماڵەکەشیەوە قسەی لەسەر بکات !لە هەرێمی کوردستان بە هۆی گەندەڵی بەردەوامی دەسەڵاتدارەکان هاوڵاتیان هەژار و هەژارتر دەبن، بنەماڵەی دەست رۆیستووی پارتیش وڵات نەماوە کۆشک و تەلاری تێدا نەکڕیبێت ، بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی نێو پارتی لە وڵاتانى ئەمریکا و ئەوروپا چەندین کۆشک و ڤێلایان هەیە کە لەم دواییانەدا یەک یەک ئاشکرا بوون و دەبن ، هەر وڵاتێک سپی کردنەوەی پارە تێیدا ئاسان بێت ئەوان لەوێن و هەن ، لە تورکیا بە بڕی ملیاران دۆلار سەرمایەیان هەیە کە وەک هاتو دیارە کە نابنە ساحیبی و تورکیا دەستی بەسەردا دەگرێت ..ئەو حزبە جگە لەو نەوتەى بە ئاشکرا ڕەوانەى ئێران و تورکیای دەکات، بەسەدان هەزار بەرمیلە نەوت و غازی دیکە دەفرۆشێت بێ ئەوەی هیچ کەسێک بوێری پرسیارێکی هەبێت لەبارەیەوە ، پارتی هەموو ئەو داهاتانە بۆ تەسفیە کردن و یەکلای کردنەوەی ململانێکان و مانەوەیان لە دەسەڵات تەرخان دەکات، ئەگەر چی لە ساڵانی 1975یش هەمان کاری کرد بەڵام پارە ڕزگاری نەکرد و سەرەنجامیشی ڕاکردن و خۆبەدەستەوەدان بوو .

هەڵبژاردن بە شەرتى زەردی چەندین ساڵە هەڵبژاردنەکان بەو دیزان و شێوازە ئەنجامدراوە کە پارتی نەخشە کێشی بووە، بەڵام ئێستا کە ڕێگاکانى ساختەکارییان لێگرتووە، دەڵێت، ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن وڵاتانەوە دیزاین کراوە دەبێت دوابخرێت ، پارتی دەیەوێت داواکارییەکانى خۆی بسەپێنێت .. دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆن ئەو ڕێگایانەیان بڕی کە پارتی لێییەوە ساختەکاریی دەکرد، بۆیە دەستی کرد بە بیانوو هێنانەوە و بایکۆتکردنى هەڵبژاردن، چونکە ئەو بڕیارانە پارتی بە ڕیژەیەکی بەرچاو لە دەسەڵات دەخست ئەو زۆرینە ساختەیەی درووستی کردبوو هەڵی دەوەشاندەوە .

بڕیار بوو لە 10ی حوزەیرانى داهاتوو هەڵبژاردن پەرلەمانی هەرێم بکرێت، بەڵام دواجار بە هەموو ڕێ و ڕێبازێکی نا ئاسایی و بە هەڕەشەی تێکدانی ئەزموونى هەرێم و کردنەوەى هەرێم بە دوو ئیدارەیی لەلایەن پارتیەوە هەڵبژاردن دواخرا. پارتی دەیەوێت بە دواخستنى هەڵبژاردن چەند شتێک بەدەست بهێنێت، کە هاوشێوەى 25 ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتی یەکەمی خۆی مسۆگەر بکاتەوە، ئەویش دەیەوێت تۆماری دەنگدەران نوێ نەکرێتەوە، واتە ناوی دووبارە و مردووەکان نەسڕێتەوە، 11 کورسییەکەی کۆتا بگەڕێندرێتەوە کە لە ئیستادا پێنج کورسی بۆ کەمینەکانی وەک تورکمان و کلدان و ئاشوری و مەسیحیەکان تەرخانکراوەتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەی پارتی دەیخواست هاوکات پارتی داوای یەک بازنەی دەکرد، بەڵام تا ئێستا ئەو داوایەی بۆ نەچووەتە سەر کە پارتی بە مەترسی گەورەی دەبینێت بۆ دەسەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان .