سێهەم بەرپرسی پارتی بە درۆزن دەرچوو

پەتای درۆکردن بەرپرسانی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستانی لە حیزب و حکومەت گرتووەتەوە و ئەوان بەردەوامن لە درۆکردن و چەواشەکاری بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵک بە باشی لە ڕاستییەکان تێدەگەن و درۆکانی ئەوان ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە.

پاش ئەوەی کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە هەرێم زیندانی سیاسی نییە و خەڵک لە سەر بیر و بڕوای ئازاد دادگایی نەکراوە، هەمان درۆ لە لایەن دیندار زێباری بەرپرسی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم دووبارە کرایەوە.

سێهەم بەرپرسی درۆزنی پارتی دیمۆکراتی کوردستانیش هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانە کە بە دوو درۆ ڕواڵەتی خۆیی لە بەرچاوی خەڵک هێندەی دیکە ناشیرین کردووە.

هێمن هەورامی سەبارەت بە باڵباڵێتی ناو پارتی ڕایگەیاندووە کە لە پارتیدا دەستی ڕاست و چەپ نییە و مەسعود بارزانی تەنیا مەرجەعە. ئەمەش لە کاتێکدا کە هەمووان دەزانن باڵی مەسرور بارزانی چۆن نێچیرڤان بارزانی و کەسە نزیکەکانی پەراوێز خستووە.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کە ئاڵۆزییەکانی بووە مایەی گاڵتەجاڕیی خەڵک و میدیاکان، ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی تێکنەچووە و زۆر خاڵی پۆزەتیڤ و وتووێژی بنیاتنەر هەبووە.