سیاسەت بە تامی پارتی و یەکێتی؛بەخ بەخ لەم سیاسەتە

هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەبوونی ئەم هەموو حیزبە سیاسییەوە بووەتە جێی قسە و پێکەنینی کوردانی ئەو پارچەکانی دیکە و دەڵێن هەر ماڵەوە حیزبێکی لە گەڵ دوو دراوسێ و دوو خزم درووست کردووە و بە ناو کاری سیاسی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەت وا نییە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت لاساییکردنەوەی سیاسەتە.

لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەم هەموو حیزب و لایەنە سیاسییە کە دینارێک بە کەڵکی خەڵکیش نایەن، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ەوە خۆیان بە سەر خەڵکدا سەپاندووە و بە ناو حوکمی ئەم کوردستانە دەکەن.

دوو حیزبی بنەماڵەیی بە تەنیا چەند دەموچاوێکەوە زیاتر لە 32 ساڵە کۆنتڕۆڵی خاک و خەڵکی کوردستانیان کردووە، خۆیان بە سەریاندا سەپاندووە، تاڵانی سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی کوردستانیان کردووە، لە سایەی ئەم حکومڕانییەی جووت بنەماڵەدا کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دواکەوتوو دەبێت و خەڵک بێهیوا لە داهاتوو و ئەوانیش دەوڵەمەند و حسێبی بانکی بەلێشاو پارە و موڵک و ماڵی وڵاتانی بیانی و فرۆشتنی نەوت و دەیان جۆرە دزی دیکە.

ئەم پارتی و یەکێتییە لە هەموو شتێکدا کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد. خاکەکەی، سەروەت و سامانەکەی، بودجە و هەموو شتێک. ئەوان لەم هەموو بەرژەوەندییەدا هاوبەش و هاوگیرفانن و تەنیا بۆ چەواشەکردنی خەڵک خۆیان بە ناتەبا و ناکۆک لە هەندێک پرسدا نیشان دەدەن.

پارتی و یەکێتی لە ژوورە داخراوەکان و لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا بەرژەوەندییەکان و پارە و ئیمتیازاتەکان دابەش دەکەن و هیچ ناکۆکییەکیان نییە، بەڵام بۆ چەواشەکردنی خەڵک و سەرقاڵکردنی ڕای گشتی و میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆیان بە ناکۆک نیشان دەدەن، ئەمیان خۆی لە بەرەی خەڵک دەزانێت و ئەوی دیکە بە خائین ناو دەبات، ئەویش دەڵێت من لە سەر حەقم و ئەو دەستی لە گەڵ بێگانە تێکەڵ کردووە.

ئەمەیە ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان، ئەمە ئەو دیاردە و قەیرانەیە کە ئەم بەشەی بەرەو لەناوچوون بردووە، زیاتر لە 32 ساڵ حکومڕانی کوردی، کەچی خەڵک هەر ئێستاش دەڵێن کارەبا و مووچەمان نییە و دەیان کەموکورتی دیکە. بەخ بەخ لەم سیاسەتە.