سیاسییە گەمژەیەک بە ناوی بەهرۆز گەڵاڵی
گەڵاڵی کە پاش ئەم ڕووداوانە هەوڵ دەدات خۆی وەک کەسایەتییەکی نیشتمانی دەرچوێنێت، بێ ئاماژەدان بە بنەڕەتی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەمجارەی کەرکوک، حکومەتی عێراق و ئێران و تورکیای وەک دراوسێکانی ئەم وڵاتە بە هۆکاری ڕووداوەکانی کەرکوک ناو بردووە.
کاکی سیاسی گەمژە، نابێت هێندە بچووک بیر بکەیتەوە، تۆ وادەزانیت ئەگەر کێشەی ئێستای کەرکوک بخەیتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و هەر چی ڕوو دەدات بڵێی ئەوا ئێران و تورکیان و بابەتی هەمیشەیی هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم و شتی وا بڵێیت، خەڵک نازانێت کێشەکە چییە؟
هۆشیاری سیاسی خەڵک لەم سەردەمەدا بەرز بووەتەوە، تەنانەت خوێندکارێکی ئاسایی ڕەنگە لە دەیان بە ناو سیاسیی وەک تۆ زانیاری زیاتری هەبێت کە لە کەرکوک چی ڕوو دەدات. ئەوەی کەرکوکی بەم ڕۆژە گەیاندووە ململانێی کوردییە کە لای حیزبەکەی تۆ و پارتی هەڵگیرساوە.
کورد خۆی بەرپرسە لەم دۆخەی کەرکوک و نابێت کەس تۆمەتبار بکات. چەندین مانگە بانگەواز دەکەن کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک کورد یەکگرتوو بێت و لیستی هاوبەشی هەبێت بەڵام هەر حیزبە و خۆی بە تەنیا یان لە گەڵ حیزبێکی بچووکی بێ دەنگ و بێ کاریگەر بووەتە هاوپەیمان و بەمەش بە ناو شەڕی دەسکەوتەکانی کورد دەکەن.
کێ هەیە نەزانێت لە مێشکی پارتی و یەکێتیدا چی دەگوزەرێت؟ ئایا ئەوە کوردایەتییە کە ئەوان لە کەرکوک دەیکەن. کێشەکە لای کورد و حیزبەکانە و تۆی سیاسی باس لە ئێران و تورکیا و حکومەتی عێراقی دەکەیت.
هەر سەعدی پیرەی هاوحیزبیت ڕایگەیاندووە کە ئەوانە ڕێگەی کەرکوک – هەولێر یان داخستووە سەر بە پارتین و لە هەولێر دادەنیشن. ئەمە سیناریۆی پارتییە و ئەنجامی ململانێیە لە گەڵ یەکێتی. ڕەنگە تۆ نەزانیت بەڵام خەڵک وریایە دەزانێت جووت حیزب و جووت بنەماڵە چییان بە سەر کورد و کەرکوکدا هێناوە.