سودانی چۆن حکومەتەکەی مەسرور بارزانیی ئیفلیج کردووە؟
هەرچەندە شاندەکەی هەرێم ڕایگەیاندووە کە ڕێکەوتنی نوێ لە گەڵ حکومەتی بەغدا کراوە بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ ڕێکەوتنێکی نوێ لە ئارادا نییە و ئەوەی هەیە تەنیا پێدانی سولفەیە بە هەرێم تا ئەو کاتەی کە مەرجەکانی بەغدا جێبەجێ دەکات.
بە پێی ئەو کۆنووسەی خراوەتە بەردەم شاندەکە، حکومەتی هەرێم پابەند کراوە بە پێدانی پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان هاوشێوەی بەغدا و داهاتە نانەوتییەکانی بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق و ئەو وەزارەتەش لە سەدا 50 ی داهاتی نانەوتی یان دەروازە سنورییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، تا ئەو کاتەی هەرێم پابەند دەبێت بە ڕێکەوتنەکە و بەغدا بە پێی یاسای بودجە تەمویلی هەرێم دەکات.
کۆنووسەکە لە نێوان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و کازم حەسەن ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لە سەر کراوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم پێشتر چەند جارێک ڕێکەوتنی بودجە و مووچەی لە گەڵ بەغدا واژۆ کردووە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقیش کراوە بە یاسا، بەڵام هەر کات شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات مەرجی قورستری بە سەردا دەسەپێت.
لە سەردانی ئەمجارەی شاندەکەی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا بڕیار دراوە سولفەیەک بدرێتە هەرێم بەڵام بە چەند داواکارییەکی نوێ پابەند کراوە، لەوانەش:
یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە کە پارەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانە کە لە کەرتی نەوتی هەرێم کار دەکەن، بە هەمان ئەو نرخە بدات کە لە بەغدا کۆمپانیا نەوتییەکان کاری پێدەکەن، بە پێچەوانەوە حکومەتی عێراق ئامادە نییە لەو پارەیە زیاتر بە کۆمپانیاکان بدات.
دووەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان دەخاتە سەر هەژمارێکی وەزارەتی دارایی عێراق.
سێهەم: پاش ئەوەی کە هەرێم داهاتە نانەوتییەکانی ڕادەست کرد، وەزارەتی دارایی لە سەدا 50 ی داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە.
چوارەم: لێژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم، بۆ ئەوەی بزانرێت چەند لەو داهاتە دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و چەندی بۆ هەرێم بگەڕێندرێتەوە.
پێنجەم: ئەگەر هەرێم پابەند بێت بەو خاڵانەی کە ئاماژەیان پێدرا، وەزارەتی دارایی عێراق هەڵدەسێت بە تەمویلکردنی هەرێم بە پێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 تا ئەو کاتەی هەرێم بە تەواوی بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی بەو خاڵانە.
لەو کۆنوونسە نوێیەدا چەند مەرجێکی قورس خراوەتە ئەستۆی هەرێم و ناردنی مووچە و بودجەی هەرێم بەسراوە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، واتە لە هەر کاتێکدا ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرا، ئەوا مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی وەستان دەبێتەوە.
هەرچەندە شاندەکەی هەرێم دۆسیەیەکی چەند هەزار لاپەڕەیی لە گەڵ خۆی بردووەتە بەغدا تا لەو ڕێگەیەوە پاکتاوی داهات و خەرجیی 6 مانگی ڕابردوو بکات، بەڵام پێیان وتراوە کە داتاکان پڕن لە هەڵە و کەموکوڕی و چاکی بکەن و پاشان بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.