سواڵی پارە دەکەن و هێرش دەکەنە سەر حکومەتی عێراق

سرووشتی بەرپرسانی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان وایە کە لە کۆبوونەوەکاندا لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق زۆرترین سازش دەکەن و ملکەچی بڕیارەکانی بەغدا دەبن بەڵام لە هەر بۆنە و دەرفەتێکدا لە میدیاکانەوە هێرش دەکەنە سەر ئەوان.

بانگهێشتکردنەکەی ئەم دواییەی محمەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لایەن مەسعود بارزانییەوە هێشتا کۆن نەبووە، ئەوەش بەردەوام بینراوە کە چ پێشوازییەک لە بەرپرسان و سەرکردە عێراقییەکان دەکەن، تەنیا بە ئامانجی ئەوەی حکومەتی عێراق بودجە و پارەیان بۆ بنێرێت.

بەڵام بەرپرسانی پارتی خۆیان لە سەر هەمان عەقڵییەتی کۆن ماونەتەوە و گۆڕانکارییەکان وەرناگرن و خۆیان لەوە گێل دەکەن کە چ ڕوویداوە و ئەوان ئێستا لە کوێدان، نایانەوێت ئەوە قبووڵ بکەن کە سەردەمی ڕیفراندۆم و درووشمی تەڵاقدانی عێراق کۆتایی هاتووە و ئەوە عێراقە بە کارتەکانی یاری بە حکومەتی هەرێم و پارتییەوە دەکات.

ئێستا لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا بەرپرسانی باڵای پارتی دیسانەوە هێرشیان کردووەتەوە سەر حکومەتی بەغدا. مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە کە هێشتا بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی کوردستان لە خەیاڵ و هەڵسووکەوتی هەندێک کەس و لایەندا دەبینرێت.

مەسرور بارزانیش ڕایگەیاندووە کە بە هەمان عەقڵییەتی پێشوو دەیانەوێت مافەکانمان زەوت بکەن.

لای خەڵکی کوردستان ڕوونە کە ئەوەی دوژمنایەتی ئەوانی کردووە، ئەوەی سەروەرت و سامانی ئەوانی تاڵان کردووە، ئەوەی ڕۆڵەکانی ئەوانی کوشتووە و زیندانیی کردووە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانن نە ئەم عێراقەی پاش 2003. هەرچی بە سەدام و ڕژێمەکەی بوترێت هێشتا کەمە و نابێت تاوانەکانی بەعسی دڕندە لە دژی کورد لەبیر بکرێت بەڵام عێراقی نوێ دەڵێت نەوت ڕادەست بکە و پشکی بودجە و مووچەی فەرمانبەران وەربگرە و لە نێو خەڵکدا بە دادپەروەرانە دابەشی بکە، کەچی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی پارتی نایانەوێت نەوتەکە ڕادەستی بەغدا بکەن لە بەر ئەوەی کە پارەکەی دەچێتە گیرفانی خۆیان و لە هەمان کاتدا داوای بودجە و مووچەش لە بەغدا دەکەن. تا ئێستاش ئەگەر هاوکاری بەغدا نەبوایە قەیرانە ئابورییەکەی هەرێم و فشارەکانی سەر خەڵک زیاتر دەبوون.

بۆ ماوەی چەندین ساڵ حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی پارتی، نەوتیان ڕاستەوخۆ هەناردەی دەرەوە کرد، خۆیان داهاتی نەوتیان دەبرد و لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە تاڵانێکی زۆریان دەکرد، خەڵک لەو داهاتە هیچ سوودێکی نەبینی و مووچەخۆرانیش بەردەوام لە بەر نەبوونی مووچە و لێبڕین و دواکەوتنی ناڕەزایەتییان دەردەبڕی.

دەسەڵاتدارانی پارتی دەیانەوێت بەم لێدوان و پەیامانە هەستی خەڵکی کورد بەرامبەر بە حکومەتی عێراق بجوڵێنن و دیسانەوە هەولێر پشت لە ڕێکەوتنەکانی لە گەڵ بەغدا بکات و خۆیان سەروەت و سامانەکەی تاڵان بکەنەوە، بەڵام خەڵک دەزانن ئەگەر لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بێت بودجە باشترە و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت، وەک چۆن کە لە پێش 2014 هەرێمی کوردستان و بازاڕەکانی باشترین جوڵەیان هەبوو و ڕەزامەندی خەڵک بەرامبەر بە حکومەتی عێراقیش لە باشترین ئاستدا بووە و ئێستاش دەیانەوێت حکومەتی عێراق جڵەوی بودجە و مووچەی کوردستانی بە دەستەوە بێت نەک حکومەتی هەرێم.