ساڵێکی دیکەی شکستی دەسەڵاتی کوردی بەڕێکرا

ساڵی 2023 بە ساڵێکی پڕ لە خەم و ئازار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دانرا، ساڵێک کە هیچ یەک لە هیواکانی ئەوانی بە تایبەت لە بواری داراییدا نەکردە ڕاستی و ساڵی نوێیان بە خەون و هیوای کۆنەوە دەستپێکرد.

دەسەڵاتی کوردی ساڵێکی دیکەی بە شکستەوە تێپەڕ کرد. 2024 بە خەونی دە ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکردووە.

لە کاتێکدا کە جیهان خۆی بۆ ساڵی نوێ ئامادە دەکات و شەقام و پارکەکان بۆ ئاهەنگەکان ڕازاونەتەوە و دانیشتووانی وڵاتانی خاوەن ئابوری و پێشکەوتوو خۆیان بۆ خۆشگوزەرانی زیاتر ئامادە دەکەن، لە هەرێمی کوردستان وەک خاکێکی بەپیت و دەوڵەمەند، هێشتا خەڵک خەون بە پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە دەبینن.

کوردستان کە سەردەمێک شاعیران بە خاکی گەوهەر و ئاوی کەوسەر ناویان بردووە و بەو هەموو خەباتەی کە بۆ ئازادکردنی کراوە، خەڵکەکەی هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی ناکەن، مووچە، کار، کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەن کە هێشتا لای خەڵکی کوردستان وەک خەون و خولیایەک سەیر دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەندەڵی بووەتە دیاردەیەکی گەورە و درووشمە بێ کردارەکەی سەرۆک وەزیرانە خۆڕاگرەکەش تا ئێستا لە چارەسەرکردنیدا سەرکەوتوو نەبووە.

هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ساڵی 2023 ی بەڕێکردووە و پێی ناوەتە ساڵی نوێ، کەچی کێشە و گرفتەکانی بەشێکی زۆریان هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن لە نەوەدەکاندا دەبینران و ئێستا خەڵک دووبارە هەست بە هەمان نەهامەتی و قەیرانەکانی ئەو سەردەمە دەکاتەوە.

داواکارییەکانی خەڵک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو داواکارییانەی پێشوون. دە ساڵ لەمەوبەر خەڵک داوای کارەبا و مووچە و نەهێشتنی گەندەڵییان دەکرد، کەچی ئێستاش هەمان داواکارییان هەیە و سەیر ئەوەیە کە حکومەت توانای چارەسەرکردنی نییە یان بە ئەنقەست چارەسەریان ناکات.

دە ساڵ لەمەوبەر گەنجان داوای دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی کاریان دەکرد و ئێستاش بێکاری وەها باڵی بە سەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە کە هەمان داواکاری دووبارە بووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستان هێشتا دوو ئیدارەیی و دوو دەزگای هەواڵگری و دوو هێزی سەربازی دەبینرێت و هیچ دامەزراوەیەک بە ڕاستەقینە بە نیشتمانی نەکراوە و ئەوەی حکومەت دەکات حیزبە نەک دامەزراوەی فەرمی.