ساڵی گورز وەشاندنەکەی بەغدا

شاندێکی پارتی چووەتە بەغدا و گلە و گازندەی ئەم حیزبە دەگەێنێتە سەرکردەکانی شێعە، ئەمساڵ ساڵی پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی نەبوو و بەغدا بەوپەڕی هێزەوە گورزی لە هەولێر وەشاندووە.

پارتی بۆ ڕێگری لە وەشاندنی گورزی نوێ و ئابڕوچوونی زیاتر لای خەڵکی کوردستان، شاندێکی ناردووەتە بەغدا. بە ناو دەڵێن کە ئەم شاندە چووەتە بەغدا تا هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکات بەڵام لە ڕاستیدا شاندەکە بۆ پاڕانەوە و سازشتی زیاتر چووەتە لای سەرکردە شێعەکان، تەنیا بە ئامانجی ئەوەی کە نەهێڵن قەیرانی دارایی ببێتە هۆکاری توڕەبوونی زیاتری خەڵک و تۆڵەکردنەوە لە پارتی و بارزانییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.

سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر و قەل سەربڕینەکەی پارتی و چاوپێکەوتنی لە گەڵ مەسعود بارزانی هیچ سوودێکی نەبووە و بەغدا لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازدا زیانێکی گەورەی بە سەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانیدا سەپاندووە و هەستانەوە لەمەش بۆ هەولێر زەحمەت دەبێت.

ئەگەرچی مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ سودانی چەندین داواکاریی لە سەر یاسای نەوت و غاز هەبووە، بەڵام لە ڕەشنووسەکەدا داواکارییەکان بە هەند وەرنەگیراون و تەنانەت پشتگوێ خراون. بۆ ئەمەش فازڵ میرانی سەرۆکایەتی شاندەکەی پارتیی گرتووەتە ئەستۆ و لای شیاع سودانی گلە و گازندەی بارزانی باس دەکات.

ئەگەر لە یاسای بودجەدا کە لە مانگی حوزەیران پەسەند کرا هەرێم ڕوبەڕوی فشار کرابێتەوە، ئەوا لە یاسای نەوت و غازدا فشارەکان زیاتر و کاریگەرتر دەبن و هەرێمی کوردستان کۆتوبەند دەکات و ئەگەر یاساکە بەو شێوەیە پەسەند بکرێت شتێک بە ناوی نەوت و غازی هەرێم نامێنێت و هەمووی دەبێتە موڵکی حکومەتی عێراق. سەرباری ئەمەش لە ئەنجومەنی فیدراڵیی نەوت و غازدا لە کۆی 11 ئەندام تەنیا یەک ئەندام بەر کورد دەکەوێت و بە سیستەمی زۆرینە و کەمینە هەر بڕیارێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێم پەسەند دەکرێت.

پارتی بە هۆی ئەوەی کە لە کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێم، پشکی شێری بە دەستەوە بووە، بە پەسەندکردنی یاساکە دەبێتە زەرەرمەندی یەکەم و ئەمەش ناچاری کردووە کە پێچەوانەی هەموو هەڵوێستەکانی شاندێکی فەرمی لە دەرەوەی حکومەت ڕەوانەی بەغدا بکات.

ئێستا هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە نێوان سێ بەرداشدایە، یەکەم، گرتنەوەی نەوت، دووەم، بڕگەکانی یاسای بودجە و سێهەمیش یاسای نەوت و غاز. پارتی لە ئاکام و دواڕۆژی ئەم سێ بەرداشەش دەزانێت و دەیەوێت بە ناردنی شاندێک بۆ بەغدا لە فشارەکان کەم بکاتەوە کە ئەستەمە شتی وا ڕوو بدات.