ساڵی ئاگرەکانی هەولێر

بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئاگرەکانی هەولێر وایکردووە هەمووان بە چاوی گومانەوە سەیری ڕووداوەکان بکەن.

ئاگرەکانی هەولێر لە حاڵەتەوە بوونەتە دیاردە و شارەکە تووشی قەیرانێک بووە کە کەس نازانێت سبەی کوێ ئاگر دەگرێت و کام بازار و دووکانەکان دەسووتێندرێن.

هەولێرییەکان هەر ڕۆژێک بە قەیرانێکەوە دەناڵێنن، ئەوان برینداری دەستی لافاو و ئاگرکەوتنەوەکانن، ڕۆژێک لافاو و ڕۆژێک ئاگر دەیانگرێتەوە.

ئەمجارە بازاڕی قەیسەری هەولێر بووە قوربانی ئاگرکەوتنەوەکان و ژمارەیەکی زۆر لە دووکانەکانی ئەم بازاڕە بە تەواوی سووتان و زیانێکی مادی زۆریش بەر کاسبکاران و دووکاندارەکان کەوتووە.

ئەمساڵ ساڵی ئاگر بووە بۆ هەولێر و زۆرترین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕە باڵەخانەکانی ئەم شارەدا تۆمار کراوە.

لە پاش زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی بازاڕی لەنگە، بازاڕی قەیسەری هەولێر بووە قوربانی ئاگرکەوتنەوە. ئەم بازاڕە بە یەکێک لە بازاڕە کۆنەکانی هەولێر دادەنرێت کە لە 4 هەزار دووکان پێکهاتووە و کەوتووەتە بەرامبەر قەڵای هەولێر.

خاڵی گرنگ ئەوەی کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر بە ناڕوونی دەمێنێتەوە و زۆربەیان بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێننەوە.

ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر لەوە دەرچوون کە حاڵەتی ئاسایی بن و بە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکان دادەنرێن. بەردەوامبوونیشیان بەم جۆرە چەندین پاڵنەری لە پشتە، بە تایبەت گەندەڵی و بەرژەوەندیخوازی تاکە کەسی و گرووپی. هەروەها کاری تێکدەرانەی دژ بە ژیان و ئابوری و ئاسایشی هەولێر. دەکرێت دامودەزگاکانیش بە کەمتەرخەم ناو ببرێن.

کاربەدەستانی هەولێر لە جێی ئەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکان ئاشکرا بکەن، بە هەندێک بابەتی بێ بنەمای وەک شۆرتی کارەباوە خەڵک سەرقاڵ دەکەن بەڵام خەڵک خۆیان باش دەزانن بۆ هەولێر بەم ڕۆژە گەیشتووە.