ساڵیادی 31 ی ئاب و چەمکی خیانەت لای کورد

خیانەت بریتییە لە پێشێلکردن یان پێشێلکردنی پەیماننامە، متمانە، یان متمانەیەکی گریمانەکراو کە لە ئەنجامی ململانێی دەروونی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان، نێوان ڕێکخراوەکان، یان نێوان تاک و ڕێکخراوەکاندا دێتە ئاراوە . زۆرجار خیانەت کاتێک ڕوودەدات کە پشتگیری لە ڕکابەرێک دەکەیت یان ئەو شتانە دەشکێنیت کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە یان ڕێسا گریمانەکراوەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە .

کورد بۆ پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی هیچ بنمیج( سەقف) ێکی نیە هیچ پەیماننامەیەکی شەرەف و ڕێکەوتنێک لە ئارادا نیە لە نێوان هێزە سیاسیەکانیدا تا هیچ کەس و هێزێک سڵ بکاتەوە لە پێشێلکردنی .

ئەوەی پێوەرە بەرژەوەندی حزبی و کەسیەکانە نەک بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی ،کورد تا ئێستا ئاسایشی نەتەوەیی نیە تا ڕێگر بێت لە هەر پێشێل کردنێک ،بۆیە بەردەوام شەقامی کوردی دابەش بووە .

هەموو هێزە سیاسیەکان و حیزبەکان لینک و پەیوەندی و بەرژەوەندی گرێدراویان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا هەیە بە هەموو ڕەنگەکانیانەوە چی ئەوانەی لە دەسەڵاتن و چی ئەوانەی بەشدارن لە دەسەڵات و چی ئەوانەی لە دەروەی دەسەڵاتن ، چی لە سەردەمی شۆڕش و خەباتی چەکداری چی لەسەردەمی دەسەڵات و حوکمڕانیدا بە ئێستا شەوە ، بەوانەی پارچەکانی تریشەوە کە ئێستا لە خەباتی چەکداری و شۆڕشدان .

بۆیە هەموو هێزەکان لای بەشێک لە خەڵکی کوردستان بە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر ناسراون و لای بەشێکی تری خەڵکی کوردستان بە خائین و خۆفرۆش و خاک فرۆش ناسراون.

چەمکی خیانەت لەناو کوردا سواوە ، ئەوەندەی بۆ موزایەدەی هەرزان بەسەر یەکتردا بە کار دێت ئەوەندە بۆ پرسی کوردایەتی نیە ، یەکیان پێ خائینە و پێکەوە حکومەت پێکدەهێنن یەکیان پێ خائینە و تا سەر ئێسک یەک دەکوتن لەو لاشەوە دەست لەملان و هاوبەشن لە دزی و گەندەڵی و بێ حورمەتکردنی پرسی نەتەوەیی .

قێزەوەنترین خیانەت شەڕی ناوخۆ و براکوژی پەیوەندی ژێر بەژێر و دەستێکەڵ کردنە لە گەڵ نەیاران و داگیرکەراندا هێز نیە لە کوردستاندا پروشکی ئەو خیانەتەی بەر نەکەوێ .

گەر بە مێژوی کۆن و نوێی خۆماندا بڕۆینەوە پڕە لە خیانەت ، ئێمە هێشتا ناکامڵین و خەسڵەتەکانی نەتەوەییمان دەڵەمەیە گەر بە فعلی نەتەوە بین ئەو مەهزەلەیەمان نەدەبینی .

گەر حزبێک ڕێکەوتنی حزبێکی تر باڵێکی تر لە گەڵ دەوڵەت بە خیانەت دەزانێ وەک ڕێکەوتنی 1966 چۆن لە خۆی قەبوڵ دەکات ڕێککەوتن لە گەڵ هەمان ڕژێم بکات و دواتریش حزبەکەی لە گەڵ خیانەتکارەکان تێهەڵکێش بکاتەوە.

گەر حزبێک 31 ی ئاب بە خیانەت بزانێ چۆن لە خۆی قەبوڵ دەکات دوای ئەو مێژووە بە ماوەیەکی کەم چەک لە حکومەتی بەعس وەرگرێت بۆ شەری جوند لئیسلام و دواتر لە گەڵ خیانتەکارانی 31ی ئابدا ئیتفاقیەی ستراتیژی ئیمزا بکات .

گەر حزبێک 16 ئۆکتۆبەر بە خیانەت دەزانێت چۆن لە خۆی قەبوڵ دەکات دواتر بچمەێتەوە و لە گەڵ داگیرکەرەکاندا بڕواتە بەرەوە و لە بەغدا لە گەڵ داگیر کەر و لە هەولێر لە گەڵ خیانتەکاراندا حکومەتی هاوبەش پێکبهێنێت .

گەر هێزێک کەوتنە ژێر هەژمونی ئێران و هاوکاری ئێران بۆ سەر برا کوردەکانی خۆی بە خیانەت و خۆفرۆشی دەزانێت چۆن لە خۆی قەبوڵ دەکات بکەوێتە ژێر هەژمونی تورکیا و دەستی ڕاکێشی بۆ نێو خاکەکەی خۆی بۆ سەر هاو خوێنەکانی ، بە پێچەوانەشەوە چۆن هێزێک دەستێکەڵ کردن لە گەڵ تورکیا بە خیانەت بزانێت چۆن لە خۆی قەبوڵ دەکات دەست لە گەڵ ئێران تێکەڵ بکات .

گەر بە پێوەری حزبی بیپێوین هەموو هێزەکانی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان لای بەشێک لە خەڵکی کوردستان خائینن و لای بەشێکی تری خەڵکی کوردستان خائین نین چونکە خەڵکی کوردستان دابەش بونەتە سەر ئەو هێزانە.

و ئەگەر بە پێوەری نیشتمانی و نەتەوەیی بیپێوبن ئەوە بەداخەوە هیچ بنمیچێکی نیشتمانی و نەتەوەیی شک نابەین تا لەسایەیدا بڕیاری دروست بدەین و تا ئەو بنمیچە نەتەوەیی و نیشتمانیە نەیەتە کایەوە ، هەمیشە دەبێ چاوەڕوانی ئەو تەرزە خیانەتە شۆڕشگێڕانانە بین چونکە ئەو دەرگایە لای هێزە کوردیەکان بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بێ هیچ سڵکردنەویەک ئاوەڵایە .

نووسەر: شوان داودی