ساڵیادی هەڵهاتنەکەی پارتی لە شەنگال

ئەمڕۆ 9 ساڵ بە سەر هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی تێپەڕ دەبێت، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە پاش کشانەوە و هەڵهاتنی هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەو شارە ڕوویدا و بەو هۆیەوە بە هەزاران ژن و کچی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران.

بەرەبەیانی 3 ی ئاب ی 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ئێزدییەکان و بە بێ هیچ بەرگری و پاراستنێک شارەکە و دانیشتووانەکەی کەوتنە بەر دەستی ئەو تیرۆریستانە و پاش کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر، بە هەزاران کەسی دیکەش بە تایبەت ژن و کچ و منداڵ لە لایەن داعشەوە ڕفێندران و تا ئێستاش چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لەوان نادیارە.

لەو کۆمەڵکوژییەدا 2 هەزار و 855 کەس کوژران کە هەزار و 262 کەسیان ژن بوون و 6 هەزار و 417 کەسیش ڕفێندران کە 3 هەزار و 548 کەسیان ژن بوون و هەر ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لەوان بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە دەسدرێژی سێکسییان کرایە سەر و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشران.

هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەو کاتەدا نەک بەرگرییان لە شەنگال و ئێزدییەکان نەکرد بەڵکوو بە زانیاری پێشوەختەیان لە سەر هێرشەکەی داعش، شارەکە و ناوچەکەیان چۆڵ کرد و گەڕانەوەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، دواتر سیروان بارزانی گەورە فەرماندەی سەربازیی پارتی لەو ناوچەیە دانی بە هەڵهاتنەکەدا نا.

پارتی ئێستا خۆیی کردووەتە خاوەنی شەنگال و کوردانی ئێزدی و دەیەوێت کەس لە شەنگالدا نەمێنێت و کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی لە بەرژەوەندی تورکیا بە دەستەوە بێت.

پارتی بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە گەڵ کابینەی پێشووی عێراق ڕێکەوتنی شەنگالی واژۆ کردووە و بەردەوام داوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەشی کردووە.

هەنگاوەکانی پارتی لە شەنگال لە دژی پەکەکەیە و دەیەوێت لە پێناو بەرژەوەندی و ڕاسپاردەکانی تورکیا بە هەر شێوازێک بێت، تەنانەت لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە، هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شەنگاکدا نەمێنن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 2014 و هێرشەکانی داعش ڕۆڵی کەم وێنەیان لە خەبات و بەرگری لە ئێزدییەکاندا هەبووە و ئەگەر ئەو بەرگرییەی ئەوان نەبوایە ڕێژەی قوربانییەکان لەمەش زیاتر دەبوون، لە شەڕی ئازادکردنی شەنگالیش پەکەکە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە بەڵام لە بەر تورکیا پارتی بە هەموو شێوازێک دژایەتی پەکەکە دەکات و لە پەیامەکەی ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی شەنگالیش لە لایەن بارزانییەکانەوە هەر بەمە ئاماژە دراوە کە دەبێت ئەو هێزەی نایاساییە (ئاماژە بە پەکەکە) شەنگال چۆڵ بکات. بەڵام خەڵک لە ڕاستییەکان تێدەگەن و هەڵهاتنەکەی هێزەکانی پارتییان لە شەنگال لەبیر ماوە.