سامان بەرزنجی ئاگای لە دەروازە سنورییەکانە؟

وەزیری ناتەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نموونەیەکی سەرکەوتووین لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.

ئەوەی ئاگاداری بارودۆخی هەرێمی کوردستان بێت و بینەری نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان بێت، ڕاست و درووستی ئەم قسەی وەزیرەکەی حکومەتی هەرێمی بۆ دەردەکەوێت.

نەخۆشخانە حکومییەکان هیچ خزمەتگوزارییەکی شیاویان نییە و تا بتەوێت نەخۆشخانەی ئەهلی لە لایەن بەرپرسان و کۆمپانیاکانەوە بۆ داتەکاندنی گیرفانی خەڵک کراوەتەوە کە هێندە نرخەکانیان گرانە خەڵک ناتوانن ڕوویان لێبکەن.

دەیان جار ئەو هەواڵەمان بیستووە کە ئەم نەخۆشخانە دەرمانی نەماوە و ئەوی دیکە لە بەر نەبوونی فڵان ئامێر ناتوانێت نەخۆش وەربگرێت، یان پزیشکان و فەرمانبەران مانگرتنیان ڕاگەیاندووە.

ئەگەر سەیری دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئێران و تورکیا بکەیت یان لە فڕۆکەخانەکان ئەو کەسانە ببینیت کە بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرەوە دەکەن، بۆت دەردەکەوێت کە ئایا وەزیرە ناتەندرووستەکەی حکومەتی هەرێم بە ڕاست ئەو قسەی کردووە یان وەک بانگەشەیەک بۆ جەنابی سەرۆک وەزیرانی خۆڕاگر؟

لە هەرێمی کوردستان خەڵک بۆ عەمەلیاتێکی سادەی چاو یان نەخۆشییە زۆر سادەکان سەردانی وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەکەن، ئەمە بەڵگەی ناوێت و تەنیا یەک ڕۆژ سەردانی دەروازە سنورییەکان بکەیت بۆت ڕوون دەبێتەوە.

ئەی جەنابی وەزیر، هەرێم بەم حاڵەوە چۆن دەتوانێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە نموونە بێت؟ واز لە چەواشەکاری و بانگەشە بێنن.