زیندانیکردن و چارەنووسی ڕۆژنامەنووسان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانییەکان

لە دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووس شاکار ستار بە بڕیاری دادوەر لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە بازگەی کۆیە دەستگیرکرا بە هۆی ئەوەی زانیاری ناڕاستی لە سەر دام و دەزگا ئەمنییەکانی سنوری سلێمانی بڵاوکردبووە و هەوڵی ناوزڕاندنی دابوو، بە پێی زانیارییەکان ئەمڕۆ بە بڕیاری دادوەر بە کەفالەت ئازادکرا ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ڕۆژنامەنووسان لە زۆنی سەوزدا بە پێی یاسا و دەستوری عێراق مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت .

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە و تا ئەمڕۆ چەندین ڕێکخراو و کونسوڵخانەی وڵاتان لە سەری هاتونەتە دەنگ، چارەنووسی ڕۆژنامەنووسانە لە زۆنی زەرد چونکە لە کاتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بە هەر هۆکارێکی یاسایی یا خود کەسی بێت ئەوا چارەنووسیان دەکەوێتە مەترسییەوە و زۆرجاریش بە نادیاری دەمێنێتەوە و لە کاتی دەستگیرکردن و لە ناو زینداندا تۆمەتی جیاجیای ساختەت بۆ دروست دەکەن یا خود بۆ چەندین جار سزاکەت بە نایاسایی بۆ تازە دەکەنەوە.

هاوکات بەهیچ شێوەیەک ئازادکردن بە کەفالەت و بە پێی یاسا دەستگیرکراوانی زۆنی زەرد ناگرێتەوە و تاکە ڕێگە بۆ ئازادبوونی ڕۆژنامەنووسێک پارتی بوونیەتی یا جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەیە کە پارتی داوای لێدەکات.