زیادبوونی مووچەی هەرێم ناڕەزایەتی بەغدای لێکەوتووەتەوە

بە هۆی زیادبوونی پارەی مانگانەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەكاتێكدا دامەزراندنی نوێ‌ و پلەبەرزكردنەوەش نییە بۆ فەرمانبەران، دەنگی ناڕەزایی لە عێراق دروست بووە و سەرۆكی كوتلەیەكی پەرلەمانی دەڵێت: زیادبوونی مووچەی هەرێم بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوەیە.

حسێن موئنس، سەرۆكی بزووتنەوەی حقوق و ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ساڵی 2018ەوە تاوەكو 2024 زیادبوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای ئەوە زیادبوونەش، بەڵام زۆرینەی ئەو مووچەیە ناگات بە فەرمانبەران.

ڕاشیگەیاندووە، دەرماڵەكان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆتە هۆی زیادبووونی بودجەی ساڵی ڕابردوو بە بڕی 250 ملیار دینار و وتوشیەتی، “ئەو زیادبوونانە هیچ پاساوێكی نییە و پێویستە حكومەت بەجدی هەڵوێستەی لەسەر بكات”.

بە وتەی سەرۆكی بزووتنەوەی حقوق، “حكومەتی هەرێم ماوەی بەسەرچووە، كە ئەوەش گەورەترین هۆكارە بۆ پەكخستنی زۆرینەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.

جەختیشی كردۆتەوە، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ژمارەی فەرمانبەرانی ئامادەبوو هەیە لەگەڵ ڕێژەی سەدی ئەو مووچەیەی دەدرێت بە فەرمانبەران، دەشڵێت: “زیادبوونی مووچەی هەرێم بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوەیە”.

زیادبوونی مانگانەی پارەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەكاتێكدایە، كە لە ساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و دامەزراندنی نوێش چەند ساڵێكە لە هەرێم نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ساڵانە هەزاران كەس لە هەرێم خانەنشین دەبن و مووچەكانیان كەم دەبێتەوە.