دەنگ هەڵبڕن، کاتەکەی هاتووە

کەسایەتی ناڕازی بنەماڵەی بارزانی و سیاسەتمەداری کوردستان ڕایگەیاندووە کە هەرێم لە سایەی دەسەڵاتێکی قۆرخکارەوە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و کاتی ئەوە هاتووە کە دەنگ بە ڕووی ئەوانەدا هەڵببڕێت کە هۆکاری درووستکردنی ئەم دۆخەن.

ئەدهەم بارزانی لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئاشکرایە ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی قۆرخکاری دەسەڵاتی سیاسی، دارایی، ئەمنی و سەربازییە کە لە لایەن گرووپێکی دەسەڵاتەوە کە هونەری بەڕێوەبردن و ئەزموونی ئابورییان خستووەتە خزمەت خۆیانەوە و بێ ئاگان لە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان کە تا چ ڕادەیەک کاریگەرییان لە سەر دۆخی ناوچەکە هەیە.

کەسایەتییە ناڕازییەکەی بنەماڵەی بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئێستا کاتی ئەوەیە دەنگ بە ڕووی ئەوانەدا هەڵببڕێت کە هۆکاری درووستکردنی ئەم دۆخەن، کاتی ئەوەیە لێپرسینەوەی گەل لەوانە دەست پێبکات کە هەموو شتێکیان کردووەتە قوربانی خۆیان و منداڵەکانیان و خەڵکی کوردستانیان بێهیوا کردووە، کاتی لێپرسینەوە لە سەرانی دەسەڵات هاتووە.

ئەدهەم بارزانی داوای لە هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتییە ئائینی و کۆمەڵایەتی و هونەری و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و عەشایری و سەرجەم چین و توێژە ناڕازییەکان کردووە کە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە شوێنێکی دیاریکراودا ئەنجام بدەن بە ئامانجی گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوبەش بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

ڕاشیگەیاندووە کە لە حاڵەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا پێویستە ئەو مەرجانەی کە پرۆسەی ساختەکاری سنوردار دەکەن یان نەهێشتنی ساختەکاری بە ئێجگاری بە سەر دەسەڵاتدارانەوە بسەپێندرێت، کارکردن بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و کۆکردنەوەی هەموو توێژە بێدەنگ و پەراوێزخراوەکانی خەڵک و کاراکردنی ڕۆڵی سیاسییان.

ئەو سەرکردە پێشووەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە پێکهێنانی لێژنەی چاودێری بۆ هەماهەنگی کاری ئۆپۆزسیۆن لە هەموو ناوچەکان بۆ ئەوەی تەواوی کوردستان بگرێتەوە بە ناوچە کێشە لە سەرەکانیشەوە. کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی چالاکی میدیایی و ئازادی هاتووچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانان، ڕۆژنامەنووسان و ڕێگەدان بە بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی بە پێویست دادەنرێت.