دەنگدەران فاتیحەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەخوێنن
شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاندووە کە مانەوەی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات بە واتای مانەوەی قەیرانەکانە و دۆخی خەراپتر لەوەی ئێستاش چاوەڕوانی هەرێمی کوردستان دەکات.
شاسوار عەبدولواحید ئەو تارماییەی بووەتە مۆتەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە گۆمەکەی شڵەقاندەوە و هێرشی کردووەتە سەر پارتی و یەکێتی و بە تایبەت بارزانییەکان.
ڕاشیگەیاندووە کە 32 ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکەن و چاوەڕوانیان کردووە کە حکومەت و پەرلەمانێکی ڕاستەقینە و خزمەتکاری خەڵکی هەبێت. وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەیان نەشاردووەتەوە کە لە زۆر کێشەی هەرێم نیگەرانن.
وتیشی کە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ماوەی 9 ساڵدا زیاتر لە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاریان داوەتە هەرێم بەڵام بەرپرسان ئەو پارەیان دزیوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە تەنیا ڕێگەی گۆڕانکاری لەم دۆخەدا بەشداری زۆرینەی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاندووە کە نەمانی پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات دەتوانێت هەرێم بەهێزتر بکات و بە پێچەوانەی بانگەشەی ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارە، نابێتە هۆی نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەوە نەمانی پارتی و یەکێتی دەبێتە هۆی نەمانی دزی و گەندەڵی و سیستەمە خەراپەکەیان و ئەگەر ئەو دوو حیزبەش لە دەسەڵاتدا نەبن، هەرێم بە پێی دەستووری عێراق و پشتیوانی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسی ناڕازی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرد و ئەگەر ئەمجارە تەنیا بەشێک لەوان بچنە سەر سندۆقەکانی دەنگدان، ئەوان تەپڵ لە پارتی و یەکێتی دەدەن.