دەسەڵاتی کوردی لە زاری بەرپرسانی خۆیەوە
بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی بەردەوام باسیان لە شکستەکان کردووە. وتەی ئەوان وەک بەڵگەی دانپێدادانی ئەو شکستەیە.
نێچیرڤان بارزان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام دانی بە نەبوونی خزمەتگوزارییەکاندا ناوە کە بووەتە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ناڕەزایەتی خەڵک.
مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی باڵای سەربازی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نە ماڵی مام جەلال و نە ماڵی مەلا مستەفا بەشداری هیچ شەڕێکیان نەکردووە و یەک فیشەکیان بۆ کورد نەتەقاندووە، یەک کەسیان نەکوژراوە، هەر بۆیە ئازاری کوڕ کوشتنی خەڵکیان لە ناخا نییە و بەم جۆرە حکومڕانی دەکەن.
ئاماژەی بەوەکردووە کە کەسوکاری دەسەڵاتداران و بەرپرسان وەک شا دەژین و خەڵک بە هەژاری ژیان بە سەر دەبەن.
هەروەها شێخ جەعفەر مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاندووە کە ماڵی خەڵکمان کاول کرد و ئەوەی بەعس نەیکرد دەسەڵاتی کوردی کردوویەتی.
ئەو ڕایگەیاندووە کە جگە لە قەیران، دەسەڵاتی کوردی هیچ دەسکەوتێکی نەبووە، لە شاخ بەڵێن بە خەڵک درابوو کە خزمەتی ئەوان بکرێت بەڵام زۆربەی بەرپرسان و دەسەڵاتداران وا دەرنەچوون.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کە کەسێکی توندڕەوی پارتییە، ڕایگەیاندووە کە بەرپرسی حیزبەکەی هەیە لە بەردانی تیرۆریستاندا تێوەگلاوە و هەروەها ئازاری خەڵکی بێ تاوانی داوە، جگە لەمانەش فرۆشتنی پۆستەکان یەکێک لەو کارە ناشایستانەیە کە ئەوان کردوویانە.
مەلا بەختیار کەسایەتی سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێکی دیکە لەوانەیە کە دانی بە شکستی حکومڕانی کوردیدا ناوە و ڕایگەیاندووە لە دەسەڵاتی کوردیدا نە گەندەڵێک سزا دەدرێت، نە وەزیرەکان لە سەر کار لادەبرێن و نە لێکۆڵینەوە لە شکستەکاندا دەکرێت و ئەمەش متمانەی خەڵکی بۆ حکومەتی هەرێم نەهێشتووەتەوە.