دەستە خوشکەکەی ناشڤێڵ ئاو بردی

هەولێر لە نێوان ئەوەی کە دەبینرێت و ئەوەی کە پارتی و بارزانییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن جیاوازییەکی زۆری هەیە.

پایتەختەکەی هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو ببێتە دۆبەی دووەمی ناوچەکە، بە نمەبارانێک لافاو دەیبات و خەڵکەکەی تووشی زەرەر و زیانێکی گەورە دەبن.

ساڵانێکە هەولێر تووشی کێشەیەکی گەورە بووە و دەسەڵاتدارانی پارتی و بارزانییەکان هیچ لە خەمی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا نین و تەنیا هەوڵی هێنانی سەماکەر و لەشفرۆشە بیانییەکان دەدەن کە بڵێین هەولێر شوێنێکی گەشتیارییە و خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن.

بە نمەبارانێک هەولێر ئاو دەیبات، لافاوەکەی هەولێر تەنانەت میدیاکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشی تەنیوە، ساڵانە دەیان دیمەنی دڵتەزێنی ژێرئاوکەوتنی ماڵ و دووکانی خەڵک لە هەولێر دەبینین.

بە هاوینیش دڵۆپە ئاوێک لە هەندێک گەڕەکی هەولێر نییە و خەڵک لەم بێ مووچەییەدا ئیش و کاریان بووەتە کڕینی ئاو بە تەنکەر.

جارێکی دیکە لافاوەکەی هەولێر هاتەوە و بەشێک لە شەقام و گەڕەکەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وەک هەمیشە دەسەڵاتدارانیش بێدەنگ بوون و هیچ وەڵامێکیان پێنەبوو، چونکە هیچیان بۆ ئەم کێشە بەردەوامەی شاری هەولێر نەکردووە.

ئەمە شارەکەی دەستە خوشکی ناشڤێڵی ئەمریکایە کە بەرپرسانی پارتی بە تایبەت پارێزگارەکەی شانازییان پێوە دەکرد.

جەنابی ئومێد خۆشناو، شار بە خێو کردن دابەشکردنی عەلاگە خەیار بە سەر ماڵاندا نییە، شار بەڕێوەبردنی شیاوی دەوێت کە دیمەنەکان و دۆخی هەولێر پێمان دەڵێت چۆن بە خێو کراوە!