دەبڵ وتەبێژەکەی حکومەت و پرسی مووچە

حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێم دەڵێی ئەوەندە سەرکەوتووە و سەرقاڵە بە کار و چالاکی کە بە یەک وتەبێژ ئیشی بۆ ناکرێت و بووەتە خاوەنی دوو وتەبێژ. دەبڵ وتەبێژەکانیش تا درۆ هەبێت ڕاست بە دەمیاندا نایەت و بەم بۆنەشەوە بە سەعید سەحاف ناسراون.

حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێم بە دەبڵ وتەبێژی سەعید سەحافییەوە دەڵێی منداڵ گێل دەکەن، بە جووتێک هەر ڕۆژێک درۆیەک بۆ ئەم خەڵکە دەکەن، بەغدا دوو وەجبە پارەی نارد لە مانگەکانی شەش و حەوت بۆ مووچە، داهاتی دوو مانگی ناوخۆ دەستی بۆ نەبراوە و دوو مانگە یەک دیناریان بۆ مووچە بەکار نەهێناوە.

ئەگەرچی نەوتەکە بە بۆری ڕاگیراوە بەڵام بە قاچاخ ڕۆژانە هەزاران تەنکەر ئاودیو دەکەن. هاوپەیمانان دوو وەجبە پارەیان ناردووە، بەغداش 600 ملیاری دیکەی نارد، بە کۆی ئەو هەموو پارەیە کە دەتوانێت هەر دوو مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتی پێ دابەش بکرێت و لە یەک هەفتەدا ئەو دوو مووچەیە دابەش بکەن، کەچی دەبڵ وتەبێژەکانی حکومەت دەڵێن بەشی مووچە ناکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارەی گومرک و باج و کامێرا و ئاو و کارەبا و هتد دیار نییە، سێ وەجبە پارەکەی بەغدا کوا؟

دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ئاشکرا بەربوونەتە گیانی خەڵک و تەنانەت گیرفان و قوتی ئەوان. ئەمریکا و هاوپەیمانان فشارەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێم چڕ کردەوە و سەرۆکی هەرێم بە ناچاری وادەیەکی نوێی بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریکرد، ئەمە دەرفەتێکە بۆ تۆڵەکردنەوەی خەڵک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان. ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کە حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی مافیاوە بەڕێوە دەبرێت، حکومەتێک کە هیچ کات بەرگریی لە مافی خەڵک نەکردووە و تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی جووت بنەماڵە و جووت حیزب هەنگاوی ناوە، ئەگەرچی پارتی و بنەماڵەی بارزانی پشکی زیاتریان بەرکەوتووە.