دیسانەوە پەنایان بردەوە بۆ ئەمریکا!

لە پاش ڕووداوەکەی شاری هەولێر، بارزانییەکان وەک هەمیشە و لە درێژەی سیاسەتی هەڵەیان پەنایان بردەوە بۆ ئەمریکا.

باڵیۆزی ئەمریکا و پاش ئەوەش باڵیۆزی بەریتانیا سەردانی هەولێریان کرد و لە گەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبووە. کۆبوونەوەکانیش پەیوەندی بە هێرشە موشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر هەبووە.

ئەوەی بۆ خەڵک بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو دەرکەوتووە، ئەوەیە کە ماڵباتی بارزانی لە جێی پشت بەستن بە خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک پەنایان بردووەتە وڵاتانی بێگانە و وەک دارەدەستی ئەوان لە عێراق و ناوچەکە ڕۆڵیان بینیوە.

ئەمجارە ئێران بە جیدی لە سیاسەتەکانی پارتی نیگەرانە و توڕەیە و پەیامی ئەمەشی بە بارزانییەکان گەیاندووە و بە ڕاشکاوانە بەوانی وتووە کە درێژەدان بەم سیاسەتی دوژمنکارانەیە زۆر قورس لە سەریان تەواو دەبێت.

مەسعود بارزانی لە پاش هێرشەکەی سەر هەولێر و لە جێی ئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، دیسانەوە پەنای بردووەتەوە ئەمریکییەکان. ئەمە تەنتا کێشەکە قووڵتر دەکات و ئەوەش نازانێت کە ئەمریکا دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیە و کورد و کوردستان بە لایەوە هیچ گرنگییەکی نییە.

بارزانی بەم سیاسەتە هەڵەیە کوردستان بەرەو کوێ دەبات؟ ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ڕۆژێک دێت ئەمریکییەکان وەک ئەفغانستان هەرێم و عێراق بە جێ دێڵن، ئەو کات بارزانییەکان و دەسەڵاتە زاڵمانەکەیان دەکەونە بەر شەپۆلی توڕەیی خەڵک و دراوسێکانیش دیارە هیچ پەنایەک بۆ ئەوان نابن.