دیسانەوە جەژن و پەیامی بەرپرسانی کورد
سەرەتا پێویستە بوترێت کە بەرپرسانی حیزبی و حکومی لە هەرێمی کوردستان هەست بە شەرمەزاری ناکەن کە پەیامی وەها بڵاو دەکەنەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوو ئەوەی سەیری ڕووداوەکانی کوردستانی کردبێت، شکستی حکومڕانی کوردی یان دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆ ڕوونتر دەبێتەوە. ئەوەیە کە لە هەولێر خەڵک بە ڕۆژی ڕوون دەکوژرێن، شارەکە ئاوی نییە، کوڕی بەرپرسان کە خۆیان بە شازادە ناو دەبەن لەوپەڕی ژیانی شاهانەدان، بازاڕ جوڵەی نەماوە، مووچە نییە.
لە سلێمانیش دیسانەوە قەرەباڵغی بەردەم بانکەکان و ئێش و ئازارەکانی خانەنشینان، کوشتنی خەڵک و نەبوونی سەروەری یاسا، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و کێشە و گرفتی دیکە دەبینرێت.
بەم حاڵەوە دیسانەوە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە حیزب و حکومەت پەیامی جەژنە پیرۆزە بڵاو دەکەنەوە. کام ژیانتان بۆ ئەم خەڵکە دابین کردووە کە پیرۆزبایی جەژنیان لێدەکەن؟
سەیری پەیامەکەشیان بکەن تەواو درۆیە و خۆیان یەکەم کەسن کە بڕوایان بە ناوەڕۆکی پەیامەکان نییە.
ئەوان داوای تەبایی و یەکڕیزی دەکەن لە کاتێکدا خۆیان لە پێناو بەرژەوەندییە کەسی و حیزبییەکاندا یەکەم تێکدەری تەبایی و پێکەوەژیانی خەڵکن لە هەرێمی کوردستان.
باس لە خۆشگوزەرانی و ژیانی باشتر بۆ خەڵک دەکەن لە کاتێکدا سەروەت و سامانی ئەم خەڵکەیان تاڵان کردووە و خەڵکیش تا دێت ناڵەی بەرزتر دەبێتەوە و بە بۆنەی نەبوونی بژێوی ژیان و داهات و هەلی کارەوە دەنگیان بەرز بووەتەوە.
باس لە داهاتوویەکی باشتر بۆ کوردستانی نیشتمان دەکەن لە کاتێکدا کە ئەم خاکەیان کردووەتە شوێنی میت و جەندەرمەی تورک و بە دەیان کیلۆمەتر لە کوردستان لە ژێر پێی هێزی داگیرکەری تورکدایە.
بەم حاڵەی خەڵک و کوردستانەوە بڵاوکردنەوەی پەیامی جەژنە پیرۆزە چ واتایەکی دەبێت؟ ئایا خەڵک پەیامی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی قبووڵ دەکەن؟ یان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕق و کینی ئەوان بەرامبەر بەم دەسەڵاتە زیاتر دەبێت؟ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەیە و سزای گەل قورستر لە هەر سزایەک دەبێت.