دیاردەی چەکفرۆشی لە نێو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە خەراپترین دۆخی خۆیاندان. ئەم هێزانە سەر بە حیزب و کەسە دەسترۆیشتووەکانن و هەر ڕۆژێک فەرمان لە کەسێکەوە وەردەگرن.

هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هێشتا مووچەکانیان بە نیوەچڵی، لێبڕین و دواکەوتنێکی زۆرەوە وەردەگرن، ئەم هێزانە کەوتوونەتە ژێر هەژموونی حیزب و بنەماڵە و کەسە دەستڕۆیشتووەکان. زۆرن ئەو فەرماندە و کەسە لێهاتووانەی ناو هێزەکانی پێشمەرگە کە پلە بەرزکردنەوەیان نییە و بوونەتە ژێردەستەی ئەو کەسانەی حیزب و بنەماڵە دایناون و هیچ کات شیاوی ئەو پۆست و فەرماندەییە نین.

دۆخی سەربازگەکانیش لەوپەڕی خەراپیدایە و هێزەکانی پێشمەرگە لە شوێنی وەهادا دەژین کە شیاوی هیچ مرۆڤێک نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فەرماندەکانی ئەم هێزانە کە سەر بە حیزب و بنەماڵەن شوێنی باشتر و دۆخی ژیانی باشتریان هەیە.

دۆخی دارایی هێزەکانی پێشمەرگە وایکردووە کە دیاردەیەک لە ناو ئەم هێزانە سەرهەڵبدات کە بووەتە جێی نیگەرانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتەکانی فرۆشتنی چەک لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە تۆمار کراوە. پێشمەرگەکان لە بەر نالەباری دۆخی دارایی و دابیننەکردنی پێداویستییەکانی ژیان، ڕوویان هێناوەتە فرۆشتنی چەکەکانیان و ئەو چەکانە لە بازاڕەی ڕەشدا ساغ دەکەنەوە.

ئەمەش ئەمریکییەکانی نیگەران کردووە و هۆشداری جیدییان بە بارزانییەکان داوە کە قبووڵی ناکەن ئەوان هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکەن و دواتر چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیان لە بازاڕدا بفرۆشێنەوە.

ئەمریکا ساڵانێکە دەیەوێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێکبخاتەوە و لە حیزبی بکرێنە هێزێک لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام ئەوەش بە ئاشکرابوونی ئامانجەکانی ئەو وڵاتە کە دەیەوێت پێشمەرگە بکاتە هێزی شەڕکەری خۆی و قوربانی پیلانەکانی لە عێراق و ناوچەکە، شکستی هێناوە.