دیاردەی شرۆڤەکارە نەخوێندەوارەکانی هەرێمی کوردستان

هەرێمێکی بچووک بە سێ پارێزگای پڕ کێشە و قەیرانەوە (هەڵەبجە هێشتا بە فەرمی نەبووەتە پارێزگا) هێندەی وڵاتێکی گەورە میدیای هەیە، زیاتر لەمەش بە سەدان کەس خۆیان کردووەتە شرۆڤەکار و شارەزای کاروباری ناوچەیە و جیهان، کەچی تا ئێستا هیچ شرۆڤە و لێکدانەوەیەکیان لە سەر بنەمای ڕاستییەکان نەبووە و ئەنجامەکەشی بە جۆریک بووە کە هیچ لە دەوری ڕاستییەکان نزیک نەبووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو لە ئاڵۆزییەکانی ئێران، ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بە شۆڕشی ژینا ناویان دەبرد و دەیان میدیا و سەدان ڕۆژنامەنووس سەرقاڵی تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتە بوون، میدیا و ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکارە نەخوێندەوارەکانی کورد بە هەواڵ و شرۆڤەی هەڵە و دوور لە ڕاستی وایان باس دەکرد کە ئەوا ئێران بەرگەی چەند ڕۆژێکی دیکە ناگرێت و تەنانەت کار بەوە گەیشتبوو کە میدیا لاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەندێک بە ناو سەرکردەی حیزبە کوردییەکانیان (گرووپە دژبەرەکانی ئێران) دەهێنایە سەر شاشە، یان لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی ئەوانیان لە ماڵپەڕەکانیان بڵاو دەکردەوە و باسیان لەوە دەکرد کە کورد چ ڕۆڵێکی لە داهاتووی ئێراندا دەبێت و حکومەتی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران پێک دەهێندرێت و شۆڕشی ژینا (ئاژاوەگێڕییەکان) پەرە دەستێنێت بۆ ناوچەکانی دیکە و قسەی بێ بنەمای ناڕاست و زیاتر.

بەڵام ئەنجامەکەی بینرا، نەک تەنیا ئێران لاواز نەبوو و ئاژاوەگێڕییەکانیش نەگەیشتنە ئەنجامی ئەو پیلانگێڕییەی بۆی داڕێژرابوو، کەچی ئێران بەهێزتریش بوو و هەر لە ڕێگەی پارتی و یەکێتییە پلانی چەککردن و دەرکردنی گرووپە چەکدارە کوردییەکانی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە دڵنیاییەوە کە تا کۆتایی ئەمەش دەڕوات.

ئێستاش لە شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل، ئەگەرچی هەڵوێستی هەندێک میدیای کوردی جێی دەستخۆشییە، بەڵام بەشێک لەو کەسانەی خۆیان وەک شرۆڤەکار دەناسێنن، کەوتوونەتە گەورە نیشاندانی هەڕەشەکانی نتانیاهۆ و سوپای ئیسرائیل و پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وا باس دەکەن کە ئەنجامی ئەم شەڕە نەک تەنیا لە فەڵەستین، بەڵکوو گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا دەکات و دەیان نموونەی دیکە، بەڕێزێکیش باسی لەناوچوونی تاران دەکات (ڕەنگە ئەمەی لە خەودا بینیبێت !).

بۆ ئەو تاقمە بە ناو شرۆڤەکارە پێویستە بوترێت کە ئەگەر ئیسرائیل بەهێز دەبوو، ڕێگریی لەو هێرشە کوشندەی حەماس دەکرد کە لە مێژووی عەرەبدا وێنەی نەبووە، هێرشەکە هێندە گەورە بووە کە لە ئەمریکا و تەنانەت لە ناوخۆی ئەو ڕژێمەوە باس لە شکستی گەورەی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دەکرێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان هەندێک وا دەزانن ئیسرائیل و سوپا تێکشکاوەکەی دەتوانن کێشە بۆ ئێران بخوڵقێنن.

نەخێر، جەنابی شرۆڤەکارە نەخوێندەوارەکان، دووربینی داهاتوو بکەن و بزانن کە وا نابێت. نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل هێزی ئەوەیان نییە هیچ گۆڕانکارییەک بکەن. ئەمریکا ئەگەر ئەو هێزەی دەبوو زۆر دەمێکە هێرشی دەکردە سەر ئێران. ئیسرائیلیش کە بەرگەی گرووپێکی گەمارۆدراوی نەگرت، چۆن دەتوانێت ڕوبەڕوی ئێرانێکی بەهێزی خاوەن سوپا لە چەند وڵاتێکدا ببێتەوە؟

لەبیرتانە کاتی خۆی بۆ سوریاش واتان دەوت کە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کۆتایی هاتووە و قسە و باسی وەها. ئەوە بەشار ئەسەدە کە ماوەتەوە و بە دڵنیاییەوە هێزەکەی جارانی سوریاش دەگەڕێندرێتەوە.

مەبەست لە نەخوێندەواربوون ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بڕوانامەیان نەبێت، بەڵکوو ئەوەیە کە خوێندنەوەی درووست و ڕاستەقینەیان بۆ پێشهاتەکان نییە و شرۆڤەکانیان هیچ کات حەوشەی بەر ماڵی خۆیانی تێپەڕ نەکردووە.