دۆڕاندنی ملیار و نیوێک دۆلار

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە بارزانییەکانی ڕاگەیاندووە کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ملیار و نیو دۆلارە ڕادەستی بەغدا بکات کە دادگای پاریس بە سەر ئەنکەرەدا سەپاندوویەتی.

هاکان فیدان ڕایگەیاندووە کە لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتدا بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی بەغدا، هەرێمی کوردستان سوودمەند بووە و دەبێت ئەو ملیار و نیو دۆلارە قەرەبوو بکاتەوە کە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ تورکیای دیاریکردووە ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکات.

تورکیا نەیشاردووەتەوە کە هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ حکومەتی عێراق دەدات و لە سەردانەکەی فیدانیش ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ئەنکەرە نابێتە بەشێک لە ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

تورکیا نایەوێت ئەو غەرامەیەی لە لایەن دادگای پاریسەوە دیاریکراوە ڕادەستی بەغدای بکات و ئەمەش گرێکوێرەی بەردەوامی هەوڵەکانە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.

تورکیا دەیەوێت بە زۆر ئەو بڕە پارەیە بە سەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و دەسەڵاتدارانی هەرێم یان بارزانییەکان لە بەر بەسراوەییان بە حکومەتی ئەنکەرە و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە، ناچار دەبن بە هەر شێوەیەک قەرەبووەکەی دادگای پاریس ڕادەستی بەغدا بکەن یان ئەگەر بە قیستیش بووبێت لە پشکی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە کەم بکرێتەوە.