دۆسیەی ناشەفافی هێزی پێشمەرگە؛ بەغدا زانیاری لایە خەڵكانی بیانی لەو هێزانە مووچە وەردەگرن

هێزەکانی حەفتا و هەشتا نزیکەی 20 هەزار پێشمەرگەی نوێیان بە مووچەی نزیکەی ملیۆنێک دامەزراندووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتاکە ئەم دۆسیە بە هەڵپەسێردراوی لە نێوان بەغدا و هەولێر ماوەتەوە و گرێکۆرەی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەرنەکراوە.

هەندێک زانیاری نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەردوو یەکەکانی حەوفتا و هەشتا دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ناوی پێشمەرگەی نوێ.

پێشتریش پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح لە خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، “هەریەکە لە هێزەکانی حەفتا و هەشتا نزیکەی 20 هەزار پێشمەرگەی نوێیان بە مووچەی نزیکەی ملیۆنێک دامەزراندووە و وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئەم مانگە لیستی مووچەی بە 970 ملیار ناردووە لە کاتێکدا مانگی ڕابردوو تەنها 950 ملیاربووە.” کە مەبەست لێی زیادکردنی ناوە نوێکان پێدەچێت لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە نێزیک بە دوو مانگە مووچە هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن بەغداوە نەنێردراوە و هۆکارەکەشی نەناردنی لیستی هێزەکان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەندێ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناردنی لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەی هەرێم بۆ بەغدا ئاسایشی نیشتمانی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە.

لەمبارەیەوە ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ناردنی زانیاری و دۆسێیەی پێشمەرگە بۆ بەغدا لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمەوە هیچ مەترسییەکى نییە، دەشڵێت: یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بێت زانیاری هەبێت لای حكومەتی عێراق كە خەڵكانی بیانی لەو هێزانە مووچە وەردەگرن كە ئەوە نایاساییە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی كێشەی مووچەی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ و نەناردنی لیستی ناوەكانیان بۆ وازارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: كێشەی مووچەی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی لە نێوان هەرێم و بەغدا هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵكو لە دوای درووستبوونی حكومەتی عێراقیەوەیە، ئێمە بە دیاریكراوی لە ساڵی ٢٠٠٧وە دەستمان كردووە بەگفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی مووچە و پێداویستی پێشمەرگە، بەداخەوە تا ئێستاش ئەمە یەكێكە لە كێشە هەڵپەسەردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە عێراق تا ئێستا زۆر لە دامودەزگا ئەمنییەكان هێشتا ناویان نەناردووە، ئەگەر ناردنی ناوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ بەبێ زانیاری ورد و دۆسییە و ئەولەویات بێت، لەو بڕوایەدا نیە ئەمە لە ڕووی ئاسایشی نیشتمانی هەرێمەوە هیچ مەترسی هەبێت، بەڵام هەندێك دامودەزگای ئەمنی وەك هەواڵگرییەكان هەیە ئەوە دەتوانین بڵێین ئەمەیان لە ڕووی ئەمنیەوە ناكرێت، بەڵام بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ گرفتێك نییە.

جەبار یاوەر وتیشی: سەبارەت بە هێزەكانی ڕۆژی (ئەنەکەسە)و (پارتى ئازادیی کوردستان بەسەرۆکایەتى حسێن یەزادان پەنا) ئەو دوو هێزە بە هیچ جۆرێك لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نەبوون، بەڵكو سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوون، ئەوەندەی ئاگادارین لەگەڵ هێزەكانی زێرەڤانی مووچەیان وەردەگرت، نەك لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، واتە ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بێت زانیاری هەبێت لای حكومەتی عێراق كە خەڵكانی بیانی لەو هێزانە مووچە وەردەگرن كە ئەوە نایاساییە، بەڵام ئەوە بە تەنها هۆكار نییە.

ئەمینداری پێشووی وەزارەتى پێشمەرگە دەشڵێت: هۆكاری سەرەكی نەناردنی مووچە یاسای بودجەیە، كە كۆمەڵێك كۆتوبەند هەیە لەسەر ناردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی بێ متمانەیی درووستبووە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، كە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: داتاكانمان وەك خۆی پێناگات.

سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە بێمووچەیی هاوکار گۆمەشینی ڕۆژنامەوان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەیێکی نوێی پێشمەرگەیێکی زێرەڤانی لەکاتی چونی بۆ دەوام، نووسیویەتی: هەمان سیناریۆی چەند ساڵێک پێش ئێستایان بەرانبەر بە پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکان دووبارە کردەوە، بە نەدانی مووچەکانیان و گیرفان بەتاڵ بونیان دیسان کەوتنەوە پشتی پیکابەکان و کەوتنەوە خێروخێرات پێیان.!

دەرکەوت ئەوانە هیچ شتێکیان لەلا پیرۆز نەماوە جگە لەو کاسبیەی دەیکەن، ئەوەتا دیسان ماڵە پێشمەرگە کەوتنەوە دەرۆزەو زگ پێ سوتان، ئاخر دەمی هەر بەرپرسێکی نابەرپرس دەکەیەوە دنیایەک موزایەدە بەناوی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکانەوە دەکات، کەچی لە واقعیشدا مووچەکەیان پێ ڕەوانابینن.