دۆخی هەرێم و توڕەبوونەکەی سەڵاحەدین بەهائەدین
سەڵاحەدین بەهائەدین دەڵێت نەزانکاری و نادڵسۆخی وای لەم هەرێمە کردووە و بەم دۆخەی گەیاندووە، ئەو بێهیواییەی کە هەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاری لە سەر دەکرێت کە بەردەوام بێت، تاکڕەوی و هەرکەس بۆ خۆی، هەر کەس لە دەڤەر و زۆنی خۆی هەمە کارە بێت و لە بەریشی بڕوات، ئەمە حاڵەتێکی ناتەندرووستە و بەرهەمەکەشی زۆر خەراپ دەبێت.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو وتیشی، ئەوەی زیاتر یەخەمان دەگرێت، کێشەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتە قوربانی ناکۆکی و ناتەبایی و من منۆکێی چەند بەرپرسێکی نابەرپرس، بەداخەوە ئەوەی ئێستا هەیە پەیوەندی حکومەت نییە بەڵکوو پابەندی مەشبوهە، دڵم نایەت زیاتر بڵێم، ئەگەر نا شتی تریش هەڵدەگرێت.
لە وتارەکەیدا بە ڕوونی دیارە داخستنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن زۆر ئەمینداری یەکگرتووی نیگەران کردووە و نووسیویەتی، هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە بۆشایی یاساییدایە، ئەوە بۆ جاری دووەمە پەرلەمانی کوردستان دادەخرێت، یان دەخۆێک دەسازێنن کە پەرلەمان نەمێنێت، لە جیاتی ڕێزگرتنی پەرلەمان و کاری پەرلەمانی، دۆخێک درووست دەکەن کە پەرلەمان بوونی نەمێنێت.
سەڵاحەدین بەهائەدین پێیوایە عەیبەیەکی گەورەیە پاش زیاتر لە 30 ساڵ گەلی کوردستان حاڵی وای لێهاتبێت کە قەرزار بێت و بازاڕی کەساس بێت و بێزاریش هەموو گەجی ئەم وڵاتەی گرتبێتەوە، ئەمەش حاڵی دارایی و ئیداریی و سیاسییەکەی بێت، پەیوەندییەکانیش ئەوە بێت کە ناتوانین بڵێین پەیوەندی، زیاتر لە پابەندی مەشبوە دەچێت، بە داخەوە نەدەبوو وابێت.
ئەم سیاسییە مەنگە، لە سەر هەڵوێستی یەکگرتوو نووسیویەتی، وەکوو یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کات بەم حاڵەتە ڕازی نین، ئێمە تاقمی بروخێ بڕوخێ نەبووین و ناشبین، بەڵام کاتێک دەبینین حاڵەتەکە بەرەو داڕووخانە، دەبێت ئێمەش قسەی تێدا بکەین و هەڵوێستمان هەبێت.
یەکگرتوو ناڕازییە بە هەموو ناداداییەکانی ئێستا، ناڕازییە بە هەموو پابەندی و نۆکەرایەتییەک کە هەیە، ناڕازین بە سووتاندنی بەرهەمی دەیان ساڵەی خەڵک و خەباتگێڕانی کوردستان.
لە کۆتاییدا ئەمینداری یەکگرتوو ئەوەی وەبیری دەسەڵاتدارانی کوردستان هێناوەتەوە کە کوردستان تاپۆی چەند کەسێک نییە و ئەوانی دیکەش بە دەوریدا بسووڕێنەوە، ئەم قەوارەیە قەوارەی گەلی کوردستانە و بەرهەمی ڕەنجی خەڵکی کوردستانە.