دۆخی هەرێم ساڵانێکە نائاساییە
لە هەرێمی کوردستان هەر چەند ماڵی گەڕەکێک حیزبێکیان درووست کردووە و خۆیان بە سیاسەتمەدار دەزانن، هەر تاقم و گرووپێک چەندین میدیای هەیە و شەو و ڕۆژ جنێوفرۆشی و درۆ و پیلانگێڕی بووەتە کار و پیشەیان.
هەر کەس و گرووپێکی ناو حیزبەکانی دەسەڵاتدار هێزێکی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییان بۆ خۆیان پێکهێناوە و دەیان ساڵە خەڵک دەڕفێنن، دوکوژن، تیرۆر دەکەن و تاڵان دەکەن.
هەر ناوچەیەکی ئەم هەرێمە بە دەست تاقم و گرووپێکی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوەیە. پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی حیزب و تاقمەکانی وەک عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و محەمەدی حاجی مەحمود و ئەوانی دیکەی پڕچەک کردووە. یەکێتیش ساڵانێکە هەوڵی پڕچەککردنی عەشیرە ناڕازییەکانی سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی دەدات.
لەم هەرێمی کوردستانە دەیان ساڵە نە کارەبا، نە ئاو و نە سووتەمەنی پێویست نییە. خەڵکەکەی بە هاویندا بێ ئاو و کارەبان و لە زستاندا بێ سووتەمەنین. فەرمانبەران مووچە وەرناگرن و خانەنشینان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا گیان لە دەست دەدەن. شار و شارۆچکەکانی هەرێم بوونەتە شوێنی یانە شەوانەکان و قومارخانەکان و لەشفرۆشی و کاری بەدڕەوشتی.
ئەم هەرێمە کە هەندێک بە نادرووستی شانازیی پێوە دەکەن، بووەتە شوێنی کوشتن و ڕفاندنی خەڵک. ڕۆژ نییە خەڵک بە دەستی یەکتر نەکوژرێن، بریندار نەکرێن، هەڵنەکوتنە سەر ماڵی یەکتر و ڕواڵەتی شار و شارۆچکەکانی هەرێم لە تەگزاسی ئەمریکا دەچێت.
وەرزی سەرما نزیکە و کاتی دابەشکردنی نەوت دەگات. ئەو کات دیمەنی شار و گوندەکانی هەرێم دەبینین، شەڕە بەرمیلەکان دەبینین کە چۆن خەڵک بە یەک هەفتەش بەرمیلە نەوتێکیان دەست ناکەوێت.
هەرێمێک کە ئەگەر ڕۆژێک سنورەکانی لێ دابخرێت هیچ لە بازاڕەکانیدا بوونی نابێت، هەرێمێک هیچی بە سەر هیچەوە نییە، لە سیاسییەوە تا ئابوری و کۆمەڵایەتی.
دۆخی ئەم هەرێمە نائاساییە یان ناوچە کوردنشینەکانی ئێران؟ گەر ویژدانتان هەیە با وەرن لە نزیکەوە وەڵامی ئەم پرسیارەتان دەستکەوێت.