دۆخی ناوخۆیی بنەماڵەی بارزانی گەیشتە جوڵاندنی هێز

تا دێت دۆخی ناوخۆیی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئاڵۆزتر دەبێت و شەڕ و ململانێی هەر دوو باڵەکەی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی زیاتر و توندتر دەبێت.

هێزێکی ئەمنی سەر بە ئیدریس نێچیرڤان بارزانی هەڵیکوتاوەتە سەر ئارتی بانک و بەڕێوەبەرەکەیان دوورخستووەتەوە و دەوری بانکەکەیان داوە. ئەو هێزە هەمان هێزی پارێزەری سەرۆکی هەرێمە کە لە لایەن ڕەوان ئیدریس بارزانییەوە فەرماندەیی دەکرێت.

هێزەکەی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی چوونەتە ناو بانکەکە کە خاوەندارێتی بۆ مەسرور بارزانی و ئارینی کوڕی دەگەڕێتەوە. هێزەکە جیا لە دەستگیرکردنی چەندین فەرمانبەر، بەڕێوەبەری بانکەکەیان دوورخستووەتەوە کە ژنێکی بارزانییە و لە ماڵەوە دەستبەسەرە.

پاش ئەم ڕووداوە هێزێکی ئاسایشی هەولێر چوونەتە شوێنەکە تا بپرسن کێن ئەو هێزەی هەڵیکووتاوەتە سەر گەورەترین بانکی هەرێمی کوردستان، کاتێک دەزانن هێزەکە سەر بە ئیدریس نێچیرڤان بارزانییە، دەستبەجێ دەکشێنەوە و دەستوەردان لەو کێشە خێزانییەی بارزانییەکان ناکەن.

ناکۆکییەکە لە نێوان ئیدریس نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ ئارین مەسرور بارزانی یان خودی مەسرور بارزانییە.

هەمیلە گەردی بەڕێوەبەری ئارتی بانک و نزیک لە مەسرور بارزانی لە لایەن کوڕەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە دوورخراوەتەوە و ئەمەش زەنگی ئەو مەترسییە گەورەیە لە ڕووی لە پارتی کردووە تا لە دوای نەمانی مەسعود بارزانی دۆخی ناوخۆیی ئەو حیزبە ببێتە پارچەیەک ئاگر.