دۆخی نالەباری ١٥٠ هەزار کرێنشین لە هەرێم

سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دۆخی ژیانیان باش نییە و "هیچیان بۆ نەکراوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە دەستەی وەبەرهێنان بڵاوکراوەتەوە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە لە ساڵی 2006ـەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون کە زیاتر لە 105 هەزار شوقە، زیاتر لە 92 هەزار خانوو و نزیکەی 17 هەزار ڤێلا بوون.

لەم نێوەدا بەرهەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 ڕایگەیاند؛ نزیکەی 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، دۆخی ژیانیان باش نییە و “هیچیان بۆ نەکراوە.

دۆخی نالەبانی کرێنشینان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حیزنی و کوڕەبەرپرس و تەنانەت هاوڵاتی بیانی کە پێوەندیان لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەکان هەیە، لە ڤێلای گەورە و شاهانەدا دەژین و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش خانوو و ڤیلایان هەیە.

لەكاتێكدا دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمکردنەوەی ڕێژەی كرێنشینە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كرێنشینان ناتوانن ببنە خاوەنی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە، ئەوەش بەهۆی گرانیی نرخەكانیانەوە و بەوتەی كۆمەڵەی كرێنشینان، یەكەكانی نیشتەجێبوون تەنها سەرمایەداران سود و قازانجی گەورەی لێدەبینن و هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوون هاوڵاتییەكی لە كرێنشینی ڕزگار نەكردووە.