دۆخی سەربازیی پارتی بەرەو تێکچوون دەڕوات
بە هۆی ناکۆکییان لە گەڵ سەرۆکی ئەرکان و سەرپەرشتیاری یەکەی 80، سێ فەرماندە و ژمارەیەک ئەفسەری پارتی نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان پێشکەش کردووە.
ئەو سێ فەرماندە لە لیواکانی 18 و 10 ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان پێشکەش بە لیواکەیان کردووە و هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەشیان پەیوەندی بە ناڕەزایەتی لە سەرۆکی ئەرکان و سەرپەرشتیاری یەکەی 80 ەوە هەیە.
بەدەر لەو سێ فەرماندەیە، زیاتر لە 240 ئەفسەر و ئەندامی هێزە سەربازییەکانی پارتی هەمان هەڵوێست و داواکارییان هەیە و داوای دەست لە کار کێشانەوەیان کردووە.
ئەو فەرماندە و ئەفسەرانە هۆکاری دەست لە کار کێشانەوەیان دەگەڕێننەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، لەوانەش، نادادپەروەری و ناشەفافی لە ڕووی دارایی و خەرجکردنی نەسرییەی مانگانە و پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی ئەو یەکەیە.
هۆکارێکی دیکەی دەست لە کار کێشانەوەی ئەو فەرماندە و ئەفسەرانەی یەکەی 80 پەیوەندی بە جیاوازی لە دابەشکردنی چەک بە سەر لیواکان و میکانیزم و دواخستنی دابەشکردنی مووچەی مانگانەوە هەیە.
دیارترینی ئەو فەرماندانەی کە نامەی دەست لە کار کێشانەوەیان پێشکەش کردووە، بریتین لە پشتیوان مام وسو فەرماندەی فەوجی 2 لە لیوای 10 و عەقید فارس جێگری لیوای 18 ی پێشمەرگە و عەقید تەیفور فەرماندەی فەوج.