دژە تیرۆری پارتی یان وتەبێژەکەی میت و سوپای تورکیا؟

بە هەر بۆردومان و هێرشێکی درۆنیی تورکیا، دژە تیرۆری پارتی وا هەڵسووکەوت دەکات کە دەڵێی وتەبێژی دەزگای هەواڵگری و سوپای ئەو وڵاتەیە. خەڵکیش ئەم ڕاستییە دەزانن کە چۆن هێزەکەی پارتی کە دەبێت شەڕی دژ بە تیرۆریستان بکات، کەوتووەتە خزمەتکردنی سوپای وڵاتێکی دیکەوە لە دژی کورد.

تورکیا هەر بۆردومان و هێرشیک دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، دژە تیرۆری پارتی بەر لە هەمووان و تەنانەت بەر لە ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتەش زانیارییەکانی بە هەموو وردەکارییەوە بڵاو دەکاتەوە.

دژە تیرۆری پارتی هێزێکی فەرمی هەرێمی کوردستانە بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بە ڕاگەیاندنەکانی بەزمێکی نوێی لە هەرێم درووستکردووە. هەموو جارێک هەر بۆردومانێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە بکرێت چەند دەقەیەک تێناپەڕێت زانیارییەکان بڵاو دەکەنەوە، بە جۆرێک وەک ئەوەی بەر لە هێرشەکان ڕاگەێندراوەکانیان نووسیبێت.

ئەم هەڵسووکەوت و ڕاگەێندراوانەی دژە تیرۆری پارتی کاردانەوەی زۆری لە هەرێمی کوردستان بە دواوە بووە، خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەڵێن کە دژە تیرۆری پارتی دەستی لە گەڵ دوژمنی کورددا تێکەڵ کردووە، هێزێک کە بۆ تیرۆرکردنی کورد و کوشتنی هاووڵاتیان بووەتە هاوکاری میت و سوپای تورک و لە پێگەی وتەبێژی ئەو دوو دەزگا هەواڵگری و سەربازییەدا دەرکەوتووە.

دژە تیرۆری پارتی بەر لەوەی کە تورکیا خۆی بڵێت چالاکییەکمان کردووە، وردەکاری و شوێن و ژمارەی کوژراوەکان بە تەواوی بڵاو دەکاتەوە، وەک دەڵێی بەشێک لە پلان و جێبەجێکردنی هێرشەکان بووە.

ئاشکرایە کە نووسینی ڕاگەێندراو لە لایەن ئەو دەزگا ئەمنییانەوە زۆری پێدەچێت، بەڵام دەزگای دژە تیرۆری پارتی وەک دەڵێی پێش ڕووداوەکان ئامادەی کردبێت هێندە زوو بڵاوی دەکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بودجەی ئەم هێزە لە سەر حکومەت و سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و ساڵانە ملیۆنان دۆلاری بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام هیچ کردەوە و چالاکییەکی ئەوتۆی دژە تیرۆریستی بڵاو ناکاتەوە و تەنیا ئیشی بووەتە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی میت و سوپای تورکیا.