دووەم بەرپرسی پارتی لە حکومەتی هەرێم بە درۆزن دەرچوو

پاش ئەوەی کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند لە هەرێم کەس بە هۆی بیر و بۆچوونی سیاسییەوە دەستگیر و زیندانی نەکراوە، بەرپرسێکی دیکەی حکومەتی هەرێم سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەمان درۆی دووبارە کردووەتەوە.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە دەتوانم بڵێم هیچ کەس لە کوردستان لە سەر بیر و بڕوای سیاسی دەستگیر نەکراوە و لە زینداندا نییە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە هەرێمی کوردستان زیندانی نهێنی بۆ هیچ مەرامێکی سیاسی نییە و تەحەداش دەکەین، پێمان خۆشە بڵێن ئەگەر کەسەکەش هەیە با بە ناو پێمان بڵێن.

عەیبەیەکی گەورەیە بۆ بەرپرسێکی وەها بە ڕۆژی ڕوون و لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا درۆ بکات، ئەویش لە کاتێکدا کە خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕاستییەکان دەزانن. لەو هەرێمەی کە زێباری بانگەشەی نەبوونی زیندانی سیاسیی بۆ دەکات خەڵک تەنیا لە سەر یەک کۆمێنتی فەیسبوک و ڕەخنە لە بنەماڵەی دەسەڵاتدار دەستگیر و بێسەروشوێن کراون.