دووڕوویی بارزانییەکان!!

لەم ماوەیەدا و بە فەرمی ئاشکرا بووە کە بە هەزاران چەکداری حسێن یەزدانپەنا لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان موچەیان وەرگرتووە. پارتی ئەو هێزەی بۆ چییە لە کاتێکدا خۆی بە دەیان هەزار چەکداری مەشقپێکراوی هەیە؟

پاش ئەوەی شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتاری خولی هەڵوەشاوەی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە چەندین هەزار چەکداری سوری و ئێرانی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا بوونیان هەیە و مانگانە موچەکانیان وەردەگرن، لە بەغداشەوە ڕاستییەکان ئاشکراتر بوون و وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە تا موچەکانیان بۆ خەرج بکرێت.

ئەوەی کە پارتی بە ئەمری تورکیا و بۆ لێدانی هەسەدە و پەکەکە هێزی ڕۆژی پێکهێناوە، جێی خۆیەتی و هەمووان دەزانن پارتی بە بێ تورکیا هیچی پێناکرێت و ئەوەی بڕیارە و لە ئەنکەرەوە دەردەچێت دەبێت لای بارزانییەکان بە بێ هیچ کات بەفیڕۆدانێک جێبەجێ بکرێت.

بەڵام بارزانییەکان بەردەوام ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە ڕێگە بە هیچ هێزێکی دژبەری ئێرانی نادەن لە هەرێمی کوردستانەوە ببێتە هەڕەشە لە سەر ئەو وڵاتە. کە واتە خزمەتکردنی هێزەکەی حسێن یەزدانپەنا چ مانایەکی هەیە؟ بۆ بەرپرسانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی سیاسەتی درۆیان گرتووەتەوەبەر؟ ئەی نازانن پەتی درۆ کورتە و ڕۆژێک دەگات ڕاستییەکان ئاشکرا ببن؟

ئێستا بەغدا ڕێگەکەی لە بارزانییەکان گرتووە و دووڕووییەکەیانی ئاشکراتر کردووە و ئێرانیش لە سەر ئەمە هەڵوێستی دەبێت کە بۆ چەندین ساڵە هێزی پاک بەم جۆرە و لە سەر خاک و بە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ دژایەتی ئەم وڵاتە ئامادە و پڕچەککراوە؟

بارزانییەکان بەم دووڕووییەیان ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخستووەتەوە و ئاشکراتر بووە کە ئەو بنەماڵەیە چەندە لە سەر ڕێبازی درۆ و خیانەت و تاوان بەردەوامن.