دووئیدارەیی بوو بە ڕاستی
لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاشکرا بە بێ دوودڵی ڕایگەیاند کە هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر بەشێکی هەرێمەکەیدا نییە و ناتوانێت هیچ پرۆژەیەکی تێدا ئەنجام بدات.
مەسرور بارزانی بە زمانێکی زۆر سادە و بە سانایی وتی کە ڕێگەم پێنادرێت لە سلێمانی و هەڵەبجە هیچ کارێک بکەم و ناتوانم ئەوەی لە هەولێر و بادینان دەیکەم لەوێ جێبەجێی بکەم.
ڕەنگە هەمووان ئێستا بیریان بۆ ئەوە بچێت کە ئەم قسەیە نوێ نییە و ساڵانێکە هەمووان دەیزانن کە دووئیدارەیی باڵی بە سەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە و لە پاش پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتووش هێشتا لێکەوتەکانی دووئیدارەیی کاڵ نەبوونەتەوە، بەڵام ئەوەی نوێیە لەم نێوەندەدا ئەوەیە کە لە ڕابردوو کاتێک چالاکوانان و ڕۆشنبیریان ئەو قسەیان دەکرد و باسی دووئیدارەییان دەکرد هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار بە تەواوی تواناکانەوە دژی ئەو قسانە دەوەستانەوە و ڕەتیاندەکردەوە کە شتی وا هەبێت بەڵام ئێستا لە بەرزترین ئاستی حکومڕانییەوە باس لە بوونی دووئیدارەیی ڕاستەقینە دەکرێت.
وتەکانی مەسرور بارزانی ئەگەر بە مەبەستی پاکانەش بووبێت بۆ ئەو قسانەی کە لە سەر کابینەکەی دەکرێت کە خزمەتی بەشێک لە هەرێمی نەکردووە، لە هەمان کاتدا خاڵێکی زۆر لاوازی بارزانی و کابینەکەیەتی کە نەیتوانیوە هەیمەنەی حکومەتەکەی بە سەر تەواوی کوردستاندا بچەسپێنێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هاوبەشی سەرەکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێم، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین قسەی لە سەر پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی زۆنی سەوزەوە کردووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی کە بە ئابلۆقەی سیاسی، ئابوری و کارگێڕی پێناسەی بکات و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا بەهێزترین کارتی دەستی یەکێتی باسکردن لەو ئابلۆقەیەی بوو کە ئەوان پێیان وابوو پارتی خستووەیەتە سەر سلێمانی و ناوچەکانی ژێر دەستی ئەم حیزبە.
ڕەنگە مەسرور بارزانی مەبەستی ئەوە بووبێت کە لە ڕێگەی ئەم لێدوانەوە بە خەڵکی سلێمانی و زۆنی سەوز بڵێت کە ئەوە من نیم نامەوێت خزمەتی ئێوە بکەم بەڵکوو ئەوە یەکێتییە کە دەستی بەستووم و ڕێگە نادات هیچ خزمەتێکتان بکەم، ئەگەر نا ئەوەی کە لە هەولێر و بادینان دەیکەم لەوێش جێبەجێی دەکەم.
ڕەنگە کات بۆ ئەم جۆرە قسانە درەنگ بێت و هاووڵاتیانی هەرێم لەوە ماندووتر بن کە سەرۆکی حکومەت بیری لێکردووەتەوە. لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە هاووڵاتیان و چالاکوانان چاوەڕێی ئەوە بوو کە ئەم حکومەتە ببێتە حکومەتێکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان و لە زاخۆوە تا تەوێڵە و پێنجوێن بە یەک ئاراستە و هێزەوە کارەکانی بکات و یاسا و ڕێساکان و خزمەت و پرۆژەکانی بە بێ جیاوازی بۆ هەمووان بێت.
بەڵام ئەوەی بینرا تەواو پێچەوانە بووە و هیچ یەک لەو چاوەڕوانییەکان بەدی نەکران و هەر لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەکەوە ململانێی توندی پارتی و یەکێتی زیاتر لە جاران سیمای دووئیدارەیی خستەوەڕوو و ڕەنگە قسەکانی سەرۆکی حکومەتیش داکوتینی دوایین بزمار لە سەر تابوتی جەستەی حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستانەوە بێت و ڕاگەیاندنی یەکجارەیی دووئیدارەیی بێت و ئیدی سەرۆکی حکومەت هاووڵاتیانی زۆنی سەوزی دڵنیا کردبێت کە چاوەڕێی هیچ پرۆژە و خزمەتێک لە کابینەکەی نەکەن.