دهۆک پارێزگایەکی بێ سووتەمەنی

پارێزگای دهۆک بە ناوچەیەکی سەرەکیی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دادەنرێت، ئەگەرچی ئەم پارێزگایە بە دەنگ بێت یان تەزویر، زیاترین کورسی هەڵبژاردنەکانی بۆ پارتی هەبووە بەڵام لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بە پارێزگایەکی پڕ کێشە و قەیران دادەنرێت.

وەک قەیرانەکانی دیکە، دانیشتووانی دهۆک ئەمجارە بە دەست قەیرانی بەنزینەوە دەناڵێنن، ئەوان دەڵێن سەرەی وەرگرتنی بەنزین شێتی کردووین. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە هاتنی وەرزی سەرماش هەموو ساڵێک دانیشتووانی دهۆک قەیرانی نەبوونی نەوتی سپی بە سەریاندا زاڵ بووە.

دهۆک لە ڕووی سەرچاوەی نەوتەوە بە دەوڵەمەندترین ناوچەی کوردستان دادەنرێت بەڵام لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانی وەک دابینکردنی بەنزینەوە لە ڕیزی دواکەوتووترین ناوچەکاندایە.

دهۆک لە ڕووی ئیدارییەوە کێشەی هەیە و هیچ کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنێک لە دابینکردن و دابەشکردنی بەشە سووتەمەنی لەم پارێزگایەدا نییە.

لە پارێزگای دهۆک بە گشتی زیاتر لە 190 هەزار ئۆتۆمبێل بوونی هەیە کەچی تەنیا 6 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەدا 54 ی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەکانی دهۆکەوە بووە، جگە لەوەی کە شارەکە ناوەندێکی گرنگی بازرگانییە بۆ نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و عێراق ڕوو لە پارێزگای دهۆک دەکەن بەڵام خەڵکی دهۆک هەندێک جار بۆ دابینکردنی بەنزین ڕوو لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی نەینەوا دەکەن، چونکە لەوێ بەنزین لیتری بە 450 دینارە.

پارتی تا هەڵبژاردن بێت و پێویستی بە دەنگی خەڵک بێت ڕوو لە دهۆک دەکات و خۆی بە خاوەنی دەزانێت بەڵام کە هەڵبژاردنەکان کۆتایی هات باسی دهۆکییەکان ناکات و زۆرترین کێشە و قەیران لەم پارێزگایەدا بوونی هەیە و کێشەکان هێندە قووڵ و گەورەن کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن.