دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پارتی و زیاترین ڕێژەی بێکاری

لە پارێزگای دهۆک زیاترین ڕێژەی بێکاری لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم پارێزگایە زیاترین لایەنگری پارتی دیمۆکراتی کوردستانی تێدایە و بە سەرچاوەی سەرەکی دەنگەکانی ئەو حیزبە لە هەرێمی کوردستان دەناسرێت.

بە پێی ئامارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە پارێزگای دهۆک 140 هەزار و 132 کەس وەک بێکار ناویان تۆمار کراوە. بە دڵنیاییەوە کە ئەم ئامارەش ڕاست نییە و ژمارەی بێکارانی دهۆک لەوەش زیاترە کە لە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقدا هاتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارێزگای دهۆک خاوەنی دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیلە کە مانگانە زیاتر لە 75 ملیار دینار داهاتی هەیە.

وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای هەولێر لە سەدا 6.7، لە پارێزگای سلێمانی لە سەدا 4.5 و لە پارێزگای دهۆک لە سەدا 8.5 تۆمار کراوە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک یەک ملیۆن و 648 هەزار و 611 کەسە کە لە سەدا 8.5 ی بێکارانی ئەم پارێزگایە دەکاتە 140 هەزار و 132 کەس و داهاتی مانگانەیان تەنیا 180 تا 200 هەزار دینار بووە.

دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل لە پاش ڕاپەڕینی 1991، بە تایبەت لە پاش پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە.

بەڕێوەبەری گشتی گومرکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە داهاتی دەروازە سنورییەکانی کوردستان لە سەدا 60 ی داهاتی نانەوتی پێک دێنێت و لە نێو دەروازە سنورییەکانیشدا ئیبراهیم خەلیل زیاترین داهاتی هەیە.

ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەخاتەڕوو کە پارێزگای دهۆک لە پلانەکانی حکومەتی هەرێم و بە تایبەت لە ڕووی وەبەرهێنانەوە شوێنی نەبووەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی ئەم پارێزگایە زیاترین پشتیوانییان لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی کردووە.