دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پارتی، دووەم نەخوێندەوارترین پارێزگای عێراقە!!

شاری دهۆک کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕەهای پارتی دیمۆکراتی کوردستاندایە، وەک دووەم نەخوێندەوارترین شار لە ئاستی عێراق ناوی تۆمار کراوە.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئامارێکی سەبارەت بە ڕێژەی نەخوێندەواری لەم وڵاتە بڵاو کردووەتەوە کە بە پێی ئامارەکەش پارێزگای موسەننا بە لە سەدا 18 پلەی یەکەمی عێراقی هەیە.

پارێزگای دهۆک کە پارتی دەسەڵاتداری یەکەم و تەنیایە، بە لە سەدا 12 لە ئاستی عێراق بووەتە دووەم پارێزگای نەخوێندەوار.

ڕێژەی نەخوێندەواری لە نێو ڕەگەزی مێ لە پارێزگای دهۆک لە سەدا 22 و لە نێو ڕەگەزی نێر لە سەدا 13 تۆمار کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەموو کات بانگەشەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی لە سەرجەم بوارەکان لە دوو پارێزگای دهۆک و هەولێر کردووە بەڵام ڕەنگە بە تێڕوانینی بەرپرسانی ئەو حیزبە، پێشکەوتن تەنیا درووستکردنی چەند باڵاخانە و مۆڵێک بێت.