درۆنەکان هەولێریان ئیفلیج کردووە

شارەزایەکی بواری ئابوری لە هەرێم ئاشکرایکردوە کە بە هۆی بەردەوامی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر شاری هەولێر کە ماوەی مانگێکە بە شێوەیەکی هەفتانە دەکرێتەسەری، نرخی خانوبەرە بەراورد بە ڕابردوو لەو شارە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

عوسمان کەریم شارەزای ئابوریی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ پێگەی بەغداد ئەلیەوم ڕایگەیاندوە، قەیرانی ئابوری ئەمدواییە بووه‌تە هۆی ئیفلیجی نزیکەی تەواوەتی بازاڕی خانوبەرە لە هەولێر، ئەویش لە ئەنجامی نەبونی نەختینەیی دارایی ‌و ترسی وەبەرهێنەران، بە جۆرێک ماوەیەکە بازاڕی خانوبەرە لە هەولێر توشی ناسەقامگیریی بوە.

هەروەک وتویەتی: هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر هەولێر بە موشەک ‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتە هۆی دابەزینی زیاتری بازاڕی خانوبەرە و بە هۆی ترسی بازرگانانەوە بە تەواوەتیی ئیفلیجی کردوە، بازرگانان، بەو پێیەی هەولێر مێرگێک بوو بۆ سەقامگیریی لای هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوەند و باشوری عێراق، بەڵام ئەم هێرشانە خەڵکیان زیاتر ترساندوە خەڵکێکی زۆر، چیتر پێیان باش نییە لە هەولێر موڵک‌و ماڵ بکڕن.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە نزیکەی هەفتانە هێرشی موشەکی ‌و درۆنی لە لایەن هێزەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەکرێتە سەر شاری هەولێر، بەو پێیەی بنکەی ئاسمانی هەریر و فڕۆکەخانەی شارەکە دەکرێنە ئامانج، بنکەی ئاسمانی هەریریش ناوەندێکە بۆ بونی هێزی ئەمریکی ‌و بیانی.

جگە لە ستافی دیپلۆماسی لە عێراق، ئەمریکا نزیکەی دوو هەزارو 500 سەربازی لەو وڵاتە هەیە کە بەوتەی خۆیان ئامانجی ڕاوێژکاری‌ و هاوکارییە بۆ هێزە عێراقییەکان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بڵاویکردەوە کە بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای هەولێر بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکرایەسەر، لە بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمدا بەغدا بەرپرس زانراوە لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە کە بە تیرۆریستی وەسفکراون.