درۆزنەکانی پارتی: ئاری هەرسین: لە پارتیدا بێخاوەنی و بەرەڵایی نییە!!

لە کاتێکدا کە کێشە ناوخۆییەکانی پارتی بە تایبەت لە پاش کۆنگرەی 14 ی ئەو حیزبە چڕتر بووەتەوە، کادیرێکی لە سلێمانی ڕایگەیاندووە پارتی حیزبی بێخاوەنی، بەرەڵایی و بێسەروبەرەیی نییە.

ئاری هەرسین کە ماوەیەک پارتییە، ماوەیەک بێلایەنە، ماوەیەک جیا دەبێتەوە و ماوەیەکیش خۆی بە کەسێکی نیشتمانپەروەر دەناسێنێت، لە ساڵیادی 77 ساڵەی پارتیدا و لە پێناو دڵخۆشکردنی بنەماڵەی بارزانی و ڕەنگە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک ئیمتیاز، گۆرانیی بە بەژن و باڵای پارتی و بارزانیدا وتووە.

ئاری هەرسین کە فێری درۆی سیاسی بووە، ڕایگەیاندووە کە لە پارتیدا بێخاوەنی و بەرەڵایی نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە پاش کۆنگرەی 14 باڵی مەسرور بارزانی بە تەواوی نێچیرڤان بارزانی و باڵەکەیان پەراوێز خستووە و تەنانەت هەر دوو باڵەکەی پارتی لە میدیاکانیشدا ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، شەڕ و ململانێی یەکتر دەکەن.

هەروەها جیاواز لە دوو باڵەکەی مەسرور و نێچیرڤان بارزانی، ئێستا مەلا مستەفا بارزانی ناسراو بە بابۆ شوێنپێی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لێژ کردووە و بووەتە بڕیاربەدەستی پارتی لە هەموو بوارێکدا.

ئەو کادیرەی پارتی لە درێژەی درۆکانیدا ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی پارتی، پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستانە. پرسیار ئەوەیە کە کام ئاسایش؟ ئەوەی نەزانیش بێت دەزانێت و بۆی ڕوون و ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی پارتیدا بووەتە کوشتارگە و ڕۆژ و شەو نییە خەڵک بە دەستی ئەم و ئەو نەکوژرێن.

هەروەها کام بەرنامەی ئاوەدانی بۆ کوردستان؟ بێ ئاوییەکەی هەولێر، بێ نەوتییەکەی زستان، ڕێگاوبانەکان، کێشەی کارەبا، نەبوونی مووچە، ڕەوشی تەندرووستی و هتد. ئەمەیە ئاوەدانییەکەی پارتی لە کوردستان؟