داگیرکاریی بارزانییەکان دەستیپێکرد
لە نزیک حاجی ئۆمەران لە لایەن هێزی پشتیوانی یەکەوە کە سیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی فەرماندەیی دەکات، داگیرکردنی زەوی بە زەبری هێز و هەڕەشەکردن لە خەڵک دەستیپێکردووە.
بنەماڵەی سەعید ئاغای عەشیرەتی بۆڵی لە نزیک حاجی ئۆمەران لە نامەیەکی کراوەدا ئاشکرایان کردووە کە هێزی پشتیوانی یەک کە سیهاد بارزانی فەرماندەیی دەکات چوونەتە نزیک حاجی ئۆمەران و بە زەبری چەک زەوییان داگیرکردووە و لە ژێر ناوی نووسینگەی مەسعود بارزانی و دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەو داگیرکارییە کراوە.
ئەوان ڕایانگەیاندووە کە لە پاش داگیرکردنی ئەو زەوییانە کە بەشێکیان خانوو و باخیان تێدایە، دەرکردنی خاوەنە ڕەسەنەکانیان و تەلبەندکردنیان دەستیپێکردووە.
عەشیرەتی بۆڵی توڕەن و دەڵێن کاتێک مەلا مستەفا لە چیاکاندا بوو ئێمە میوانداریمان دەکرد و پیاوەتی زۆرمان بە سەریاندا هەبووە بەڵام ئەوان دوای ئەو چەند ساڵە بەم شێوەیە بە هەڕەشەکردن وەڵامی چاکەی ئێمەیان داوەتەوە.
ئەو عەشیرەتە ڕایانگەیاندووە کە پاداشتی چاکەی ئێمە لە گەڵ مەلا مستەفا بارزانی، لە ئێستادا لای پارتی و بارزانییەکان بووەتە هەڕەشە و داگیرکاری و تەلبەندکردنی موڵک و ماڵمان.
ئەگەرچی سیهاد بارزانی پێشتر بەڵێنی داوە کە کێشە بۆ ئەو عەشیرەتە درووست نەکات بەڵام ئێستا خۆی هەستاوە بە داگیرکردنی زەوی و موڵکەکانیان. پرۆسەی داگیرکردنی ئەو زەوییانەش بابەتێکی نوێ نییە و لە دوای ڕاپەڕین بارزانییەکان هەنگاوی لەو شێوەیان ناوە و بە فشاری یەکێتی دیسانەوە زەوییەکان بۆ ئەو خەڵکە گەڕێندراوەتەوە.
ئێستا عەشیرەتی بۆڵی هۆکاری کێشەکە بۆ سیاسی و مەبەستی تایبەت دەگەڕێننەوە و ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری داگیرکردنی زەوییەکان ئەوەیە کە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە نزیکین.
عەشیرەتەکە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە کاتی خۆی مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەکانی لە هەر شوێنێکدا خێوەتیان هەڵدابێت تا پشوویەک وەربگرن، ئێستا بارزانییەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن و داگیری دەکەن.
سەرۆک عەشیرەتی بۆڵی ڕایگەیاندووە کە ناکرێت مەسعود بارزانی ئاگاداری ئەم هەموو داگیرکارییە نەبێت.