داکوتانی دوا بزمار لە بانگەشەی ئازادی لە هەرێمی کوردستان

سەر لە نوێ سزادانی شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیکردن، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قۆناغێکی نوێ و مەترسیداری سەرکوتوکردن لە لایەن مەسرور بارزانی و باڵە توندڕەوەکەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان.

 

20 ی تەمموزی 2023 جارێکی دیکە لە سەر داوایەکی نوێ کە ئەمجارە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر تۆماریکردووە، دادگای هەولێر و لە ڕێگای هەمان دادوەری پێشووی کەیسەکەی شێروان شێروانی، حوکمێکی نوێی چوار ساڵەی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە بە تۆمەتی تەزویر دەرکرد، بەمەش لە ساڵی 2020 تا ئێستا بە دوو جار حوکمی 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسە دەرکراوە.

حوکمەکەی ئەمجارەی دادگای هەولێر کە تۆمەتی تەزویری داوەتە پاڵ شێروان شێروانی و گوایە پەنجە مۆری بۆ گوهدار زێباری هاوڕێی زیندانیی لە کاتی بڕیاری ئازادکردنی بەمەرجدا بۆ کردووە، ئەو تۆمەتەی کە لە لایەن شێروان شێروانی و گوهدار زێباری هاوڕێیشەوە لە بەردەم دادوەردا بە توندی ڕەتکرایەوە، بەڵام دادگاکە سوور بوو لە سەر دەرکردنی حوکمێکی چوار ساڵەی نوێ بۆ شێروان شێروانی.

هەر لە سەرەتای دەستگیرکردنی شێروان شێروانی و دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان لە ساڵی 2020 ەوە تا ئەمڕۆ، هەموو ئەو دەستگیرکردنانە بە گرتنێکی سیاسی دانراون و تاکە هۆکارێک بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە درێژایی چوار ساڵی ڕابردوو کە حوکمی جیاجیاش دراون و لە زینداندا بوون، جیاوازی بیروڕای سیاسییانە لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان.

حوکمەکەی ئەمجارەی دادگای هەولێریش نەک هیچ مانایەک بۆ سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان ناهێڵێتەوە، هاوکات داکوتانی دوا بزمارە بەو پەراوێزە ئازادییە کەمەی کە لە کوردستاندا مابوو.

لە هەرێمی کوردستان هەست بە مەترسی خەراپی دۆخی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکرێت و خەریکە بە تەواوی دۆخێکی مەترسیداری تاریکی دیکتاتۆری باڵ بە سەر هەرێمدا دەکێشێت.