داهاتی کوردستان چۆن تاڵان دەکرێت؟
کۆڕبەندەکەی دهۆک چەندین ملیۆن دۆلار لە داهاتی هەرێمی کوردستانی بە تاڵان بردووە.
لە کاتێکدا کە هەولێر بە یەکەم بارزانی بەلێزمەی ئەمساڵ کەوتە ژێر ئاوەوە و بە هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لە نیوەی کوردستان هێشتا دەرگای قوتابخانەکان نەکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە سەر داهاتی گشتی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک ساز کرد کە چەندین ملیۆن دۆلار تێچووی بووە.
بە پێی زانیارییەکان، بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کە میوانی کۆڕبەندەکەی دهۆک بووە، بۆ هەر 17 خولەک قسەکردنێک 4 دەفتەر دۆلاری وەرگرتووە. قسەکانیشی هیچی تێدا نەبووە و تەنیا بۆ دڵخۆشکردنی بارزانییەکان ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات. ئەوە جگە لە خەرجی هاتووچۆ و مانەوە و دوو کەسی دیکەش کە لە گەڵیدا بوون.
هەروەها تێچووی هاتنی میوانانی دیکەش لەوەی بۆریس جۆنسۆن کەمتر نەبووە. لەو کۆڕبەندەدا دەیان میوان لە وڵاتانی جیاجیاوە بانگهێشتی دهۆک کران و لە سەر داهاتی گشتی و قووتی خەڵکی کوردستان وا پارە بە سەر ئەوانیشدا دابەش کراوە.
خەرجکردنی چەندین ملیۆن دۆلار بۆ کۆڕبەندەکەی دهۆک لە کاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی نۆی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی دە و یانزە و دوانزەی ئەوانیش بە نادیاری ماوەتەوە. بە هۆی بێ مووچەییشەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هێشتا خوێندن دەستیپێنەکردووە و کەرتی خزمەتگوزاری گشتیش لەوپەڕی خەراپیدایە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە پرسیار بکەین کە لەم دۆخ و قەیرانانەدا خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار و سازکردنی کۆڕبەندی وەها بە چ مەبەستێک بووە؟