دانیشتوانی چەند گەڕەکێکی هەولێر دەڵێن ئاوی خواردنەوەمان نییە!

ئەو هەولێرەی بڕیار بوو ببێتە دۆبەی، ئێستا دانیشتوانەکەی بە دەست کەم ئاوییەوە دەناڵێنن، دەسەڵاتدارانی پارتیش دەڵێن هەولێرمان ئاوەدان کردووەتەوە.

ساڵانە لە وەرزی گەرمادا شاری هەولێر و ناحیەکانی دەوروبەری تووشی کێشەی کەم ئاوی دەبن، ئەمساڵ کێشەکە زیاتر بووە و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شارەکە ئاوی خواردنەوەیان نییە و خەڵک خۆی بە تەنکەر ئاو دەکڕێت.

دانیشتوانی گەڕەکەکانی باداوان و فەرمانبەران و ناحیەی بەحرکە لە هەولێر گردبوونەوە و ڕایانگەیاند کە ئاوی خواردنەوەیان نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی شارەکە و حکومەتی هەرێم بەوپەڕی کەمتەرخەمییەوە تەنیا کات بە فیڕۆ دەدەن و هیچ چارەسەرێکی ستراتیژییان بۆ ئەم کێشەیە نییە.