دانپێدادانەکەی نێچیرڤان بارزانی

تەنیا یەک ڕۆژ پاش ئەوەی کە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە کوردستان دادگاکان سەربەخۆن و دەستێوەردان لە کاروباری ئەواندا ناکرێت، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە دادگاکان لە ژێر فشاری سیاسیدان. ئەم لێدوان و دانپێدادانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە چوارچێوەی هەمان ململانێ ناوخۆییەکانی ناو پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بە جۆرێک ئاماژەی ناڕاستەوخۆی بۆ مەسرور بارزانییە کە لە دۆسیەی گیراوانی بادیناندا بە ئاشکرا دادگاکان لە دژی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر بەکار دێنێت.

نێچیرڤان بارزانی دانی بەوەدا ناوە کە دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکانی کوردستاندا هەیە. ناوبراو وتی کە دادگاکانی کوردستان لە ژێر فشاری سیاسیدان و تەواوی بڕیارەکانیان درووست نییە.

سەرۆکی هەرێم وتی کە دەبێت دادوەران کارێک بکەن هاووڵاتیان هەست بەوە بکەن کە دادگاکان لە سەروی هەمووانەوەیە.

وتیشی کە دادوەران دەبێت سەروەری دادگاکان بپارێزن و ڕێگە بە دەستێوەردان هیچ کەس و لایەنێک نەدەن.

نێچیرڤان بارزانی داوای لە دادوەرانی کوردستان کرد کە پارێزەری تەواوی مافەکانی خەڵک بن و دەبێت هاووڵاتیان هەست بە ئاسوودەیی بکەن، دەبێت لە هەر ڕووداوێکدا دادوەرێکی عادل پارێزگاری لە مافەکانی خەڵک بکەن.

لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن مەسرور بارزانییەوە، دادگاکانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک زیاترین فشاریان لە سەر بووە و لە دۆسیەی گیراوانی بادیناندا شەپۆلی ڕەخنە و ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ئاراستەی دەسەڵاتی هەرێم کرا بەڵام هیچ کات دادوەرەکانیش ماف و ڕاستییەکان و دادپەروەرییان جێبەجێ نەکرد.

دۆخی دادگاکانی هەرێمی کوردستان و ئەو هەموو دەستێوەردانە وایکردووە کە خەڵک متمانەیان بە دادگاکاندا نەمێنێت و زۆربەی کێشەکان بە شێوازی کۆمەڵایەتی و بە واتایەکی دیکە بە سوڵحی عەشایری چارەسەر بکرێت.